پێگەی دیپلۆماسی هەرێمی کوردستان رۆژ بە رۆژ بەهێزتر دەبێت

ئاڵای هەرێمی کوردستان
ئاڵای هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

پسپۆڕێکی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ڕایدەگەیەنێت، لە بەرژەوەندی عێراقدا نییە ڕێگری لە بەهێزبوونی پێگەی دیپلۆماسی هەرێمی کوردستان بکات، بەڵكو قازانجییەتی. ئەمە لە کاتێکدایە زۆرجار لەلایەن بەرپرسانی عێراقەوە نیگەرانی درووست دەبێت، کاتێک لە ئاستێكی بەرزدا مامەڵەی دیپلۆماسی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکرێت.

ژمارەکان قسە دەکەن؛ کاتێک بابەتەکە دێتە سەر پێگەی دیپلۆماسی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکەدا، 56 نوێنەر و کونسوڵخانە و ئاژانسی وڵاتانی زلهێز و کاریگەر لە هەولێر هەن. هاوکات 14 نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە وڵاتان هەن.

 دکتۆر رەعد، پسپۆڕێکی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانە و دەڵێت، بەرژەوەندیی بەغدا لەوەدا نییە دژایەتی پێگەی دیپلۆماسی هەرێم بکات، بە پێچەوانەوە قازانجییەتی.

رەعد عەزاوی، پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ئەوەی خستەڕوو، "گرنگترین سوود ئەوەیە، هەرێمی کوردستان دەروازەی عێراقە بۆ تورکیا و ئەوروپا، بەهەمان شیوە دەروازەی تورکیا و ئەوروپاشە بۆ عێراق و وڵاتانی کەنداو، هەروەها کورد خاوەنی ئەزموونێکی فروانی سیاسیی و دیپلۆماسییە لە رێکخستنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەوروپا و ئەمریکا، بۆیە بەرژەوەندی عێراق لەوەدایە پەرە بەم پێگە دیپلۆماسییەی هەرێمی کوردستان بدات لەسەر بنەمای بەرژەروەندی کوردستان و عێراق".

هەر سەرکردە و بەرپرسێکی باڵای جیهان کاتێک سەردانی بەغدا دەکات، ناگەڕێتەوە بەبێ ئەوەی سەردانی هەولێر نەکات.

ئەگەرچی ئەمە زۆر جار بووەتەنە جێی نیگەرانی بەشێک لە دەسەڵاتدارانی عێراق، بەڵام بەهۆی چەند هۆکارێکی جیاواز، بەغدا نەیتوانیوە ئەڵقەی ئەم پەیوەندییە دیپلۆماسییانەی هەرێمی کوردستان بپچڕێنێت.

سەرسام خەلیل، چاودێری سیاسی ڕایگەیاند، "هەرێمی کوردستان وەکو هەرێمێکی دیفاکتۆ چەندین ساڵە خزمەت و خەبات دەکات. خەڵکی کوردستان هۆکارێکی زۆر گـرنگ بووە پێگە نێودەوڵەتییەکەی بەهێز بکات و لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتی رۆڵی هەبێت".  

رەجەیب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دوایین  سەرۆکی وڵاتێکی گەورە بوو، سەردانی بەغدای کرد و دواتر هاتە هەولێر سێ کاتژمێر زیاتر مایەوە، هەولێر جارێکی دیکە دەریخست کە تەواوکەری ئەو پەیوەندییانەیە کە بەغدا هەیەتی.