عێراق.. ڕێژەی هەژاریی و بێکاری زۆرتر دەبێت
K24 – هەولێر:
تادێت ژمارەی دانیشتووانی عێراق زیاتر دەبێت و هاوتەریبی ئەو زیادبوونەش، ڕێژەی هەژاریی و بێکاری بەردەوام زیاتر دەبیت .
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی پلاندانان، ژمارەی دانیشتووانی عێراق گەیشتووەتە 43 ملیۆن کەس و ساڵانەش ملیۆنێک کەسیش زیاد دەکات، بهو پێیهی زیادبوونی بەرچاوی دانیشتووان، بووەتە هۆی دروستبوونی کێشەی کەمیی یەکەی نیشتەجێبوون، بەواتای زیادبوونی کرێچی، زیادبوونی هەژاری و پیسبوونی زیاتری کەشوهەوا و ژینگەی وڵات.
لەلای خۆیەوە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق ئەوەی ئاشکرا کردووە، وڵاتەکە پێویستی بە نزیکەی 3 ملیۆن یەکەی نیشتەجێبوونه بۆ ئەوەی لە قەیرانی زۆریی کرێچی ڕزگاریان ببێت.
ئەمەش لەکاتێکدایە دوایین ئامارەکان دەری دەخەن، ڕێژەی هەژاری لە عێراق 25%ـی تێ پەڕاندووە، بەجۆرێک 10 ملیۆن کەس لەژێر هێڵی هەژاریدان و لە 15%ـشیان بێکارن.
مەزهەر محەممەد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، حکومەت لە کاری بەردەوامدایە بۆ چارەی ئەو کێشانەی لە دەرەنجامی زیادبوونی بەرچاوی دانیشتووان، یەخەی وڵات دهگرن و دەشڵێت: پێویستە پلانەکان بە تۆکمەیی دابنرێن پێش ئەوەی گرفتەکان لە کۆنترۆڵی توانایی حکومەت دەربچن.