شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات

ئاڵای كوردستان و ئاڵای عێراق
ئاڵای كوردستان و ئاڵای عێراق

K24 – هەولێر:

بڕیار وایە لە دەستپێكی هەفتەی داهاتوو، شاندێکی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی بەغدا بکات و لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دارایی عێراق کۆببێتەوە.

ئامانجی سەردانەکە بۆ قسەکردنە لەسەر داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان و ئەو میکانیزمانەی کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی یاسا و دەستوور و رێککەوتنەکان دەیخاتەروو بۆ پابەندییەکانی خۆی.

پێشتریش لە نێوان هەردوو شاندەکە و لەسەر ئەم بابەتە چەندین گفتوگۆکراوە.

له‌ دوایین كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستاندا،  وەزیری دارایی و ئابووری، لە چوارچێوەی ڕاپۆرتێکدا کە بە هاوبەشی لەگەڵ شاندی دانوستانکار ئامادە کرابوو، چەند میکانیزمێکی خستەڕوو بۆ جێبەجێکردنی پابەندییەکانی حکوومەتی هەرێم لە بواری داهاتە نانەوتییەکانی هەرێم و چۆنیەتی هاوبەشیپێکردنی لەگەڵ بەغدا بە گوێرەی دەستوور و یاسای بودجەی فیدراڵ و یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵ، ئەمەش وەک دەستپێشخەری حکوومەتی هەرێم بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم بابەتە، بەجۆرێک کە بابەتی داهاتەکان، نەبێتە ڕێگر لەبەرامبەر خەرجکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە پێش هەمووشیانەوە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

بۆ ئه‌مه‌ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران وەزارەتی دارایی و ئابووریی و شاندی دانوستانکاری ڕاسپارد، ئەوەی لە یاسا بەرکارە فیدراڵیيەکان دەستنیشان کراوە وەک بەشی گەنجینەی فیدراڵیی لە داهاتی نانەوتی بەدەست هاتوو لە هەرێم، بخرێتە سەر ئەژمێری وەزارەتی دارایی فیدراڵ.