قایمقامی چەمچەماڵ بۆ کوردستان24: هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە رێگەی درۆنەوە بووە

رەمک رەمەزان، قایمقامی چەمچەماڵ
رەمک رەمەزان، قایمقامی چەمچەماڵ

K24 – هەولێر:

ڕەمک رەمەزان، قایمقامی چەمچەماڵ، رایگەیاند، نزیکی کاتژمێر 6:45ـی ئێوارە لە رێگەی درۆنەوە هێرشکرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر و هێشتا زیانە گیانییەکان پشتڕاست نەکراونەتەوە.

ئەمڕۆ هەینی (26ـی نیسانی 2024) ڕەمک رەمەزان، قایمقامی چەمچەماڵ، لەبارەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، نزیکی کاتژمێر 6:45ـی ئێوارە لە رێگەی درۆنەوە هێرشکرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، هاوکات تا ئێستا زیانە گیانییەکان پشتڕاست نەکراونەتەوە.

قایمقامی چەمچەماڵ، دەڵێت: تا ئێستا تیمەکان لە لێکۆڵینەوەدان بۆ زانینی شوێنی هەڵدانی درۆنەکە و خەملاندنی قەبارەی زیانەکان.

ئەمڕۆ هەینی (26ـی نیسانی 2024) سدیق محەممەد، بەڕێوەبەری ناحیەی قادرکەرەم بە کوردستان24ـی راگەیاند، کەمێک پێش ئێستا کێڵگەی غازی کۆرمۆر  بۆردوومان کرا.

ئەمەش لە کاتێکدایە لە ماوەکانی رابردوودا چەندین جار هێرشکراوەتە سەر کێڵگەی غازیی کۆرمۆر لە سنووری ناحیەی قادرکەرەم لە قەزای چەمچەماڵ، کە بەهۆی هێرشەکانەوە، هەناردەكردنی غاز بۆ سەرجەم وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا راگیرابوو.

ئەم کێڵگەیە رۆژانە چوار هەزار و 200 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت کە لەو بڕە 2800 مێگاواتی بۆ هەرێمی کوردستان و ئەوەش دەمێنێتەوە رەوانەی هەردوو پارێزگای کەرکووک و مووسڵ دەکرێت. یەدەگی غازی سرووشتییەکەی بە زیاتر لە هەشت ترلیۆن و 200 ملیار پێ سێجا دەخەمڵێندرێت.

غازی کۆرمۆر، لەرێگەی بۆرییەوە رەوانەی وێستتگەکانی کارەبای چەمچەماڵ و هەولێر دەکرێت، بەمەش لە 67%ـی کارەبای هەرێمی کوردستان دابیندەکات.

کێڵگەی غازیی کۆرمۆر، کە لە ساڵی 2007ـەوە دامەزراوە، دەکەوێتە سنووری ناحیەی قادر کەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵە لە پارێزگای سلێمانی، کۆمپانیای دانەغاز وەبەرهێنانی تێدا دەکات.