پێشەوا هەورامانی بۆ کوردستان24: بەهۆی هێرشەکەی کۆرمۆرەوە تەنیا 1260 مێگاوات کارەبا بەردەستە بۆ دابەشکردن

پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆرەوە 2500 مێگاوات کارەبا کەمبووتەوە و ئێستا هەزار و 260 مێگاوات کارەبا بەردەسەتە بۆ دابەشکردن.

ڕۆژی هەینی (26ـی نیسانی 2024) پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، دوای هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، بەرهەمهێنانی 2500 مێگاوات کارەبا کەمبووەتەوە و ئێستا لە تۆڕی کارەبای نیشتمانی تەنیا هەزار و 260 مێگاوات بەردەستە بۆ دابەشکردن بەسەر هاوبەشانی کارەبا.

پێشەوا هەورامانی ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا تیمە تایبەتمەندەکانی هەردوو وەزارەتی کارەبا و سامانە سرووشتییەکان لە هەوڵدان بە زوویی بری بەرهەمهێنانی غاز بەرزبکەنەوە بۆ گەڕاندنەوەی بری کارەبای پێویست بۆ نێو تۆڕی کارەبای نیشتمانی تاوەکو کەمی دابەشکردنی کارەبا درێژە نەکێشێت.

ڕۆژی هەینی (26ـی نیسانی 2024) پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: دەستی خراپەکاری و تێکدەرانە جارێکی دیکە لە کردەوەیەکی تیرۆریستیدا کێڵگەی غازی کۆرمۆریان کردە ئامانج کە بەداخەوە تا ئێستا چوار کارمەندی یەمەنی شەهیدبوون، جگە لەوەش زیانێکی زۆر بەر کێڵگەکە کەوتووە، کە ئەم زیانەش کاریگەری دەبێت لەسەر کەمبوونەوەی کارەبا بە شێوەیەکی بەرچاو.

هەروەها هەردوو وەزارەتی کارەبا و سامانە سرووشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئاگادارییەک بۆ هاوبەشانی کارەبا ئاماژەیان بەوەکردووە: "بەهۆی هێرشێکی درۆنی بۆ سەر کێلگەی کۆرمۆر، ناردنی گاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی کارەبا راوەستاوە و بەهۆیەوە نزیکەی 2500 مێگاوات کارەبا کەم بووەتەوە".

غازی کۆرمۆر، لەرێگەی بۆرییەوە رەوانەی وێستگەکانی کارەبای چەمچەماڵ و هەولێر دەکرێت، بەمەش لە 67%ـی کارەبای هەرێمی کوردستان دابیندەکات.

کێڵگەی غازیی کۆرمۆر، کە لە ساڵی 2007ـەوە دامەزراوە، دەکەوێتە سنووری ناحیەی قادر کەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵە لە پارێزگای سلێمانی، کۆمپانیای دانەغاز وەبەرهێنانی تێدا دەکات.