وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر کۆرمۆر دەکات

ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی کۆشکی سپی
ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی کۆشکی سپی

K24 - هەولێر

ماتیو میلەر گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر دەکات و جەختیش لە هەڵوێستی پشتیوانی و ئەمەریکا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دەکاتەوە بۆ پاراستنی سەقامگیریی و سەروەری.

میلەر لە ڕاگەیەندراوەکە دەڵێت: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە توندی ئیدانەی هێرشی سەر ژێرخانی وزەی هەرێمی کوردستانی دەکات. هێرشی لەم جۆرە پێشێلکردنی سەروەریی خاکی عێراق، هەر بۆیە هانی دەسەڵاتداران دەدەین لێکۆڵینەوە بکەن و هێرشەکەرەکان ڕووبەڕووی یاسا و دادگا بکەنەوە.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا سەرەخۆشی لە بنەماڵەی قوربانیانی هێرشەکە دەکات و هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازێت.

ماتیۆ میلەر جەخت لە هەڵوێستی ئەمەریکا دەکاتەوە کە بەردەوام دەبێت لە کاری هاوبەش لەگەڵ حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئاسایش و سەقامگیری و سەروەریی عێراق و هەرێمی کوردستان.

هەروەها پێشتر، مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان وێڕای ئیدانەکردنی هێرشە و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی قوربانییەکان، داوای لە حکوومەتی فیدراڵی عێراق کرد بە شێوەیەکی جیددی لێکۆڵینەوە بکات و لێپرسینەوە لە ئەنجامدەران بکات و دڵنیایی بە خەڵکی هەرێمی کوردستان بدات، هەر بۆیە چاوەڕوانی ڕێکاری خێرا دەکەین لە بەغدا بۆ ئەوەی ڕێگە نەدات ئەم جۆرە هێرشانە ببنە مایەی هەڕەشە بۆ ئێمە. دەبێت کۆنتڕۆڵی ئەو گرووپە چەکدارییە نایاساییانە بکات کە زیان بە هەموومان دەگەیەنن.

ڕۆژی هەینی 26ـی نیسانی 2024 بە درۆن هێرشکرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر و بە هۆیەوە چوار کارمەندی بیانی کوژران کە خەڵکی وڵاتی یەمەنن و دووانی دیکەش برینداربوون، بە گوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکانیش هێرشەکە لە ناوچەیەکی نزیک و لە ناوخاکی عێراقەوە کراوەتە سەر کێڵگەکە، هەر بەهۆی هێرشەکەوە ناردنی غاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی کارەبا ڕاگیرا و نزیکەی 2500 مێگاوات کارەبا کەم بووەتەوە.

غازی کۆرمۆر، لە ڕێگەی بۆرییەوە ڕەوانەی وێستگەکانی کارەبای چەمچەماڵ و هەولێر دەکرێت و 67%ـی کارەبای هەرێمی کوردستان دابین دەکات.

کێڵگەی غازیی کۆرمۆر، لە ساڵی 2007ـەوە دامەزراوە، دەکەوێتە سنووری شارەدێی قادر کەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵە لە پارێزگای سلێمانی، کۆمپانیای دانەغاز وەبەرهێنانی تێدا دەکات.