نەتەوە یەکگرتووەکان: پاککردنەوەی کەرتی غەززە 14 ساڵی پێویستە

K24 - هەولێر

نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، قەبارەی ئەو داروپەردووەی کە دەبێت لە کەرتی غەززە لا ببرێن،  بە نزیکەی 37 ملیۆن تۆن خەمڵاندووە.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا پێر لۆدامار، بەرپرسی دەزگای چالاکیی مین لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، ئەو داڕمانەی ئێمە مەزەندەمان کردووە 37 ملیۆن تۆن داروبەردە، واتە نزیکەی 300 کیلۆگرام لە هەر مەتر چوارگۆشەیەکدا، لە کەرتی غەززەدا کە هەیە.

ئەو بەرپرسە ئاشکراشی کرد، لابردنی ئەو داروبەردانە 14 ساڵ دەخایەنێت، ئەویش بە بەکارهێنانی نزیکەی 100 بارهەڵگر . ئاماژەی بەوەش دا، ئەو تەقەمەنییانەی نەتەقیونەتەوە و تێکەڵ بە داروبەردەکان بووە، ئەرکەکە ئاڵۆزتر دەکات .

لۆدامار ئەوەش دەخاتە ڕوو کە "کەمتر لە 10%"ی ئەو تەقەمەنیانەی لە شەڕەکەدا تەقێنراون، ناتەقنەوە،  بەم جۆرە هەڕەشەیەکی بەردەوام بۆ سەر دانیشتووان وئەرکی ئەو تیمانەی بەرپرسیارن لە گەڕان بەدوای داروبەردا بۆ گەڕان و وەرگرتنەوەی تەرمی قوربانییەکان،  قورستر دەکات.

لێدوانەکەی ئەو بەرپرسە لەسەر بنەمای ئەزموونی خۆی لەم بوارەدا، کە پێشتر هەمان ئەرکی لە عێراقدا گرتبووە ئەستۆ.

لای خۆیەوە پۆل ئۆبراین،  بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئیسرائیل بە بەکارهێنانی چەک و تەقەمەنی ئەمەریکی تاوانی جەنگی لە غەززە کردووە.

ئۆبراین ئاماژەی بەوەدا کە لێکۆڵینەوەکانی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی پشتڕاستی دەکەنەوە، سوپای ئیسرائیل تاوانی جەنگی دژی فەڵەستینییەکان کردووە.

ئەو ڕێکخراوە داوای لە ئەمەریکا کرد، ناردنی ئەو چەکانە ڕابگرێت کە تاوانی جەنگییان پێ دەکرێت.

ڕۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران و سەدانی دیکەش بریندار بوون، هاوکات  240 هاووڵاتیی ئیسرائیل وەکو بارمتە لەلایەن حەماسەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كران.