پەنابەرانی عێراقی لە ئەڵمانیا ترسی دیپۆرتکردنەوەیان هەیە

K24 - هەولێر

پەنابەرانی عێراقی و کورد، کە لە ئەڵمانیا دەژین، ترسیان لە دیپۆرتکردنەوەیان هەیە.

پەنابەرێکی کورد لە ئەڵمانیا باسی ڕەوشی پەنابەری ئەڵمانیا بۆ کوردستان24 دەکات و دەڵێت: "پەنابەران زۆر ئاستەنگیان دێتە بەردەم، بەتایبەت بڕیاری دیپۆرتکردنەوە لەلایەن حکوومەتی ئەڵمانیا، بە پشت بەستن بە ڕێککەوتنێکی لەگەڵ حکوومەتی عێراقی کە تا ئێستە دەیان پەنابەری دیپۆرت کردووەتەوە."

گەنجێکی کورد خەڵکی کەرکوکە ماوەی دوو ساڵە وەک پەنابەر لە شارۆچکەیەکی ویلایەتی زاکسنی ئەڵمانیا دەژی. داوا پەنابەری خۆی و خێزانی و دوو منداڵەکەی ڕەت کراوەتەوە و باسی بارودۆخی ئەو پەنابەرانە دەکات، کە چۆن مافی مانەوە وەرناگرن و ژیانیان لێرە ئەستەم دەبێت.

پەنابەرێکی دیکە لە ئەڵمانیا، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەوەی ئاکنجی نەبێت ژیانی لێرە زەحمەت دەبێت، لەوانەیە نەهێڵن کۆرسی زمان وەربگرێت یان ئیش بکات، تەنانەت ناهێڵن هەرێمەکەشی بگۆڕێت. زۆر خەڵک دەناسم کە دوو کرێ خانوو دەدات، ئەو هەرێمەی تێیدا ئیش دەکات هی ئێرەش کە ناوی تۆمار کراوە، دوای حەوت هەشت مانگ دەیەوێت خۆی بگوازێتەوە ڕێگەی نادەن؛ ساناترین شت سەیارەیە کاتێک دەیکڕیت، ناهێڵن بە ناوی خۆتی بکەیت ئەڵێن تۆ ئیقامەت نییە.

ساڵی ڕابردوو، حکوومەتی ئەڵمانیا و حکوومەتی عێراقی ڕێککەوتنێکیان بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پەنابەرە عێراقیانە ئیمزا کرد کە تا ئێستە مافی پەنابەریان وەرنەگرتوە. لەو کاتەوە دەیان پەنابەری عێراقی دیپۆرت کراونەتەوە و بەشێکیان خەڵکی شارەکانی هەرێمی کوردستان بوون.

ژیان شێخ سەلمان، سەرۆکی کۆمەڵەی دۆستایەتی کورد و ئەڵمان، بۆ کوردستان24 گوتی، "ئەڵمانیا و عێراق ڕێککەوتنێکیان ئیمزا کردووە، ئەو پەنابەرانەی لێرەن بگەڕێنەوە، بەتایبەت ئەو پەنابەرانەی کە تاوانیان کردووە، یان کێشەی سیاسییان هەیە، ناخوێنن و ئیش ناکەن و زمانیان نەخوێندوە یان ئیقامەیان نییە، ئەوانە بەشێوەیەکی سەرەکی ئەو ڕێککەوتنە دەیان گرێتەوە".

پرسی پەنابەران بۆ دامودەزگا ئەوڕوپاییەکان دەمێکە لە سەروی لیستی کارەکانیانە، لە چەند هەفتەی ڕابردووشدا پەرلەمانی ئەوروپا دەنگی لەسەر یاسایەکی نوێدا، کە ڕێگە لە پەنابەران دەگرێت بە شێوەیەکی نایاسایی بێنە ناو خاکی یەکێتیی ئەوروپا و پرۆسەی دیپۆرتکردنەوەی ئەوانەی کە مافی پەنابەریان ڕەت کراوەتەوە خێراتر دەکات.

وڵاتانی ئەوروپا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ یاساکانیان لە دژی پەنابەران توندتر دەکەن. بەوەش بارودۆخی پەنابەران تا دێت خراپتر دەبێت و ژیانیان لێرە قورستر دەبێت. بەشێک لە پەنابەران، هەم وڵاتی خۆیان لە دەست داوە و هەم لێرەش دەرفەتی مانەوە و دەستپێکردنی ژیانێکی شایستە و نوێیان بۆ نەڕەخساوە، وەک خۆیان دەڵێن،  زۆر دڵگرانین.