شێروان دووبەردانی: هێرشەکەی سەر کۆرمۆر پەیامێکە بۆ شکست پێهێنانی ڕێککەوتنی عێراق و ئەمەریکا

شێروان دووبەردانی پەرلەمانتاری عێراق
شێروان دووبەردانی پەرلەمانتاری عێراق

K24 - هەولێر

شێروان دووبەردانی پەرلەمانتاری عێراق دەڵێ: گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ئێران بەردەوامن لە هێرشکردنە سەر پێگە و لێدانی سەرچاوەی ئابووریی هەرێمی کوردستان، جیا لەمەش هێرشەکەی سەر کۆرمۆر پەیامێک بۆ ئەوەی ڕێککەوتنی لێکگەیشتنی عێراق و ئەمەریکا بۆ کۆتایی هێنان بە کڕین و هاوردەکردنی غازی ئێران، سەر نەگرێت.

شێروان دووبەردانی بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، بەردەوام ئەو گرووپە میلیشیانەی عێراق کە نزیکن لە ئێران، هێرش دەکەنە سەر قەوارەی هەرێمی کوردستان و سەرچاوە ئابوورییەکان.

گوتیشی: هێرشەکەی سەر کۆرمۆر پەیامێکی گرووپە میلیشیاکانە بۆ حکوومەتی عێراق بۆ ئەوەی پابەندی ڕێککەوتنی لەیەک تێگەیشتنی لەگەڵ ئەمەریکا نەبیت بۆ کۆتایی هێنان بە گرێبەستی کڕینی غاز لە ئێران و بایەخدان بە وەبەرهێنان لە کەرتی غازی ناوخۆیی لە بری هاوردەکردنی لە ئێران.

هەروەها ئاماژەی داوە، هەژموونی دەرەکیی و کاریگەری گرووپە میلیشیاکان وایان کردووە عێراق تەنیا ئەرکی هەناردەکردنی نەوت بێت و لە کەرتی کشتوکاڵ، پیشەسازیی و بازرگانیی و کەرتەکانی دیکە هیچ پێشکەوتنێکی نەبێت.

پەرلەمانتارەکەی عێراق بێ ئومێدی خۆیی دەربڕی لە هەڵوێستی ئەمنی عێراق و لێکۆڵینەوە لە هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان گوتی: پێکهێنانی لیژنە لەلایەن عێراق بۆ ئەو هێرشە واتە هیچ نەکردن و بێ ئەنجام بوون، چونکە ئەزموونمان هەیە لە پێکهێنانی لیژنەکانی پێشتر، هیچ ڕێکارێک و سزایەک نەگیراوەتەبەر، چونکە بە داخەوە سەروەری عێراق ڕادەستی هەندێ وڵاتی دراوسێ و چەند گرووپێکی میلیشیا کراوە و پێشووتریش بینیومانە لێکۆڵینەوە لە هێرشە مووشەکیی و درۆنییەکانی گرووپە میلیشیاکان و تا هێرشەکانی ئێرانیش تەنیا بە ڕاگەیەنراو هەڵوێست وەرگراوە، نەک بە بڕیار و ڕێکاری توند.