ئینتەر مەیامی لەگەڵ مێسی دۆڕان نازانێت

لیۆنێل مێسی یاریزانی یانەی ئینتەر مەیامی
لیۆنێل مێسی یاریزانی یانەی ئینتەر مەیامی

دوای چاکبونەوەی لیۆنێل مێسی لە پێکان و گەڕانەوەی بۆ پێکهاتەی سەرەکی ئینتەر مەیامی، ئەو یانەیە هاوشێوەی سەرەتای وەرز، گەراوەتەوە سەر رێچکەی بردنەوەکانی و لە سێ یاریی رابردووشیان لەگەڵ ئەستێرەکەیان، لە دوو یاریی براوە بوون و لە یارییەکیش بەرامبەربوون.

ئینتەر مەیامی لە سێ یاریی سەرەتای ئەم وەرزە کاتێک مێسی لە پێکهاتەی سەرەکیان بوو، هیچ یارییەکیان نەدۆڕاند، لە دوو یاریی براوە بوون و لە یارییەکیش بەرامبەربوون، بەڵام دوای ئەوەی مێسی تووشی پێکان بوو، ئەو یانەیە لە خولی ئەمریکا لە چوار یاریی تەنها یارییەکیان بردەوە.

تاتا مارتینۆ راهێنەری ئەرجەنتینی لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یارییەکە، سەبارەت بە دەنگۆی نیگەرانیەکانی یاریزانەکانیان، لەسەر ئەوەی کە لەم یارییە لە یاریگای چیمەنی دەستکرد یاریی دەکەن گووتی، یاریزانەکانمان هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ چیمەنی دەستکرد نیە.
'' هەموو ئەو یاریزانانەی کە پێکانیان نیە، لەگەڵ ئێمە گەشت دەکەن و پاشان پێکهاتەکەش دیاری دەکەین، ئێمە ساڵی رابردووش بەرامبەر نیو ئینگڵاند، لەسەر چیمەنی سروشتی یاریمان کرد، ئەو و کاتە و ئێستاش یاریزانەکانمان، لەگەڵ چیمەنەکە هیچ کێشەیان نەبووە و نابێت. بۆ ئەم یارییەش جۆردی ئالبا بەهۆی پێکان، لەگەڵ ئێمە گەشتی نەکردووە، هەربۆیە بەشداری ئەو یارییە ناکات. لەبارەی ماتیاس رۆخاس یاریزانی نوێ یانەکەمان، دڵنیام ئەو یاریزانە دەتوانێت هاوکارێکی باشی ئێمە بێت، بانگهێشتی یارییەکەمان کردووە و لەو یارییە ئامادە دەبێت ''.

ئینتەر مەیامی ئەمساڵ لە کۆی 10 یاریی، خاوەنی پێنج بردنەوە و سێ بەرامبەربوون و دوو دۆڕانە، هەروەها بە کۆکردنەوەی 18 خاڵ و بە جیاوازی دوو خاڵ لەگەڵ دووەمی کۆمەڵەکەی، پلەی یەکەمی گرتووە، بەڵام بە یارییەک زیاتر. لەلایەکی دیکەوە نیوئینگڵاند ئەو یانەیەش خاوەنی تەنها چوار خاڵە و لە پلەی کۆتایی کۆمەڵەی رۆژهەڵاتە.

مێسی ئەم وەرزە لە کۆی شەش یاریی لەگەڵ یانەکەی لە خولی ئەمریکا، خاوەنی 7 گۆڵ و 3 ئاسیستە و پلەی دووەمی ریزبەندی گۆڵکارانی، ئەمساڵی خولی ئەمریکای گرتووە.