گوتەبێژی هاتوچۆ: لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو ئۆتۆمبێلانەی دووکەڵ دەکەن، بەردەوامە

K24 - هەولێر

گوتەبێژی هاتوچۆی هەولێر  ڕایگەیاند، هەر شۆفێرێک بە دووکەڵی ئۆتۆمبێلەکەی ژینگە پیس بکات، دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەیدا دەگیرێت و لێکۆڵینەوەی یاسایی لەگەڵدا دەکرێت.

ئەمڕۆ شەممە، 27ـی نیسانی 2024، عەقید هێمن ئەمین، گوتەبێژی هاتوچۆی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە ساڵی ڕابردوو سەرجەم شۆفێران ئاگادار کرانەوە، ئەو ئۆتۆمبێلانەی دووکەڵ دەکەن و ژینگە پیس دەکەن، بەتایبەت بارهەڵگرەکان، لەلایەن هاتووچۆی هەولێرەوە سزا دەدرێن.

بەگوتەی ئەو گوتەبێژە، "تاکو ئێستە بڕیارەکە بەردەوامە و لەلایەن مەفرەزەکانی ئێمە ڕۆژانە ئۆتۆمبێلی گەورە و بچووک بە هەردوو جۆرییەوە دووکەڵ بکات، دەستی بەسەردا دەگیرێت و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت".

هێمن ئەمین گوتیشی: "ئێستە ژمارەیەکی  زۆر ئۆتۆمبێل  دەستیان بەسەردا گیراوە بەهۆی ئەوەی دووکەڵیان کردووە و و ژینگەیان پیس کردووە، لێکۆڵینەوەی یاسایی لەگەڵ ئەو ئۆتۆمبێلانە بەردەوامە".

لە 9/11/2023 بەمەبەستی پاکڕاگرتنی ژینگەی شارو دابینکردنی مەرجەکانی توندوتۆڵی لەئوتومبێلەکان بەگشتی و بارهەڵگرەکان بەتایبەتی، بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر سەرجەم شوفێران وخاوەنی ئوتومبێلە ئاگادار کردەوە، کەوا نابێت ئوتومبێلەکانیان دووکەڵ بکەن و گازی ژەهراوی دەر بکەن، و لەسەریانە لەو بەروارەوە تاکو ڕۆژی 2023/11/20 ئۆتومبێلەکانیان چاک بکەنەوە، لەگەڵ تەواوبونی ئەو ماوەیە هەر ئۆتومبێلێک لەسەر ڕێگاوبانەکان ببینرێت ودووکەڵ بکات و گازی ژەهراوی دەر بکات، ڕاستەوخۆ لە لایەن مەفرەزەکانی هاتووچۆ ئەفسەر و کارمەندانەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت، و خاوەنەکەی ناچار دەکرێت بەچاکردنەوەی، و بەپێچەوانەوە ئوتومبێلەکە لەگەراجی دەستبەسەرداگرتندا دەمێنێتەوە تاکو چاکی دەکاتەوە.