شارەزایەکی ئەمنی و سەربازی: گرووپە چەکدارەکان لەدەرەوە ئاراستە دەکرێن

K24 - هەولێر

شارەزایەکی ئەمنی و سەربازی ڕایگەیاند، ئامانج لەو هێرشانە ئەوەیە تاوەکو کاریگەریی بخەنە سەر هێڵی سیاسیی نەخشێندراو لە هەرێمی کوردستان، هەروەها لێدانی ژێرخانی ئابووری کاریگەرییەکی گەورەی هەیە لەسەر ناوچەکە و هەرێمی کوردستان.

لیوا جەودەت جیهاد، شارەزای ئەمنی و سەربازی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە بیرمان نەچێت هەموو کارێکی سیاسی پەیوەندی بە بواری ئابووریەوە هەیە، چونکە ئابووری ڕۆلێکی گەورەی هەیە لەوەی کە هێڵی سیاسی دروستکراو لە ناوچەکە ڕوون بکاتەوە، لەهەموو ئەو کارانەی کە دەکرێن و ڕوو دەدەن بەرانبەر ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان.

جەودەت جیهاد، جەختی کردەوە، ئامانج لەوهێرشانە ئەوەیە تاوەکو کاریگەریی بخەنە سەر هێڵی سیاسی نەخشێندراو لە هەرێمی کوردستان، دەبینین کە کاریگەری هەیە لەسەر ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان، هەروەها کاریگەریی لەسەر کۆمپانیا نەتییەکانیش هەیە، بۆیە ئەو کارانە کاریگەریی لەسەر سیاسیەتی هەرێمی کوردستاندا هەیە.

ئەو شارەزا ئەمنی و سەربازییە باسی لەوەش کرد، بە ئامانجگرتنی ژێرخانی ئابووری کاریگەرییەکی گەورەی هەیە لەسەر ناوچەکە و هەرێمی کوردستان، هەروەها هێرشی مووشەکی یان درۆن یا هاوەن، لەلایەن گرووپەکانەوە، وەکو کارتێکی بەهێز بەکاردەهێنرێت.

گوتیشی: لەدەرەوە ئەو گرووپ و ڕێکخراوانە ئاراستە دەکەن تاوەکو ئەو کارانە بکەن، لە ئێستادا دەڵێن دەبێت چەک لەدەستی دەوڵەت بێت، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەمە جێبەجێ نەکراوە، بۆیە هەندێک گرووپی چەکدار هەن ناکەونە ژێر هەژموونی دەوڵەتەوە.

ئێوارەی دوێنێ هەینی، 26ـی نیسانی 2024، میلیشیا و گرووپە لە یاسا دەرچووەکان بە درۆن هێرشیان کردە سەر چەند کۆگایەکی کێڵگەی غازی کۆرمۆر، لە ئەنجامدا چوار کارمەندی کێڵگەکە کوژران، ئەمە جاری دووەمە لەسەرەتای ئەمساڵەوە هێرشی مووشەکی و درۆنی دەکرێتە سەر کێڵگەکە.

هێرشبەرەکان دەیانەوێت لەم ڕێگەیەوە بەر بە پێشکەوتنەکانی هەرێمی کورستان بگرن، هەر لەبەر ئەوەش گەورەترین سەرچاوەی دابینکەری کارەبایان کردووەتە ئامانج. دەسەڵاتدارانی عێراقیش لەجیاتی دۆزینەوەی چارەیەکی ڕیشەیی بۆ کۆتایهێنان بەم  دەستدرێژییانە وەک هەموو جارێک ئەم جارەش لیجنەی بۆ پێکهێناوە.

کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەکەوێتە سنووری ناحیەی قادرکەرەم لە پارێزگای سلێمانی. لە ساڵی 2003وە لەژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی هەرێمدایە. لە ئۆکتۆبەری 2008ـەوە دەست کراوە بە بەرهەمهێنانی غاز تیایدا، بەرهەمی رۆژانەی 450 ملیۆن پێ سێجایە و بڕیارە تا کۆتایی ئەمساڵ ئەو بڕە بۆ 500 ملیۆن پێ سێجا بەرز ببێتەوە.