هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر تاوتوێ دەکات

کۆبوونەوەیەکی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت (ئەرشیف)
کۆبوونەوەیەکی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت (ئەرشیف)

K24 - هەولێر

هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کۆدەبێتەوە و هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر و چەند پرسێکی دیکە تاوتوێ دەکات. شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش ئێوارەی ئەمڕۆ دەگاتە بەغدا.

ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، 27-04-2024، هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بە مەبەستی تاوتوێکردنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، هێرشە درۆنییەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر، بەشداریی پارتی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، سەردانەکەی سوودانی بۆ واشنتن و چەند پرسێکی دیکە کۆ دەبێتەوە.

بڕیارە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی؛ وەکو نوێنەری حزبەکەی بەشداریی لە کۆبوونەوەکەدا بکات. بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت؛ نێچیرڤان بارزانی بە جیا لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆ دەبێتەوە.

وا بڕیارە هەر ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات و سبەی لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دارایی فیدراڵ دەست بە کۆبوونەوەکانیان بکەن.