ڕێکارەکانی بە دەستەخوشککردنی عەنکاوە و ستێرلینگ هایتس دەستیان پێ کردووە
K24 - هەولێر
قائیمقامی عەنکاوە دەڵێت، لەگەڵ سەرۆکی شارەوانیی شاری ستێرلینگ هایتسی ویلایەتی میشیگنی ئەمەریکا کۆبوونەوەتەوە و ڕێکارەکانی دەستەخوشککردنی هەردوو شارەکە دەستیان پێ کردووە.
ئەمڕۆ شەممە، 27-04-2024، ڕامی نووری شیاوس، قائیمقامی عەنکاوە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ماوەی چەند ڕۆژێکە لە ئەمەریکان؛ لەگەڵ سەرۆکی شارەوانیی شاری ستێرلینگ هایتسی ویلایەتی میشیگن و سەرمایەدارەکانی کەلدان لەو شارە کۆبوونەوەتەوە.
بە گوتەی قائیمقامی عەنکاوە، ئامانج لە کۆبوونەوەکانیان، دەست پێ کردنی ڕێکارەکانی دەستەخوشککردنی هەردوو شاری عەنکاوە و ستێرلینگ هایتسە کە زۆرینەی کۆمەڵگەی کلدانی لێیە.
وەکو ئەوەی ڕامی نووری شیاوس ئاماژەی پێ دا، نوێنەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پارتی دیموکراتیی کوردستان و دامەزراوەی ڕەوەندی کلدانی لە ئەمەریکا لە کۆبوونەوەکاندا بەشدار بوون.
قەزای عەنکاوە دەکەوێتە باکووری ڕۆژاوای ناوەندی شاری ھەولێر. زۆرینەی دانیشتووانی کلدان و ئاشووریین، کە زۆربەیان پەیوەستن بە کڵێسای کاسۆلیکی کلدانی.
لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا، عەنکاوە لە ڕووی پەروەردەیی و تەکنەلۆجییەوە بە خێرایی گەشەی کردووە. ئێستا گەشتیارێکی زۆر لە سەرانسەری عێراق سەردانی شارەکە دەکەن.