لە پەرلەمانى عێراق ناڕەزایەتى لەبارەى رێککەوتنەکانى بەغدا و ئەنقەرە سەریهەڵداوە

دانیشتنێکی پەرلەمانی عێراق (ئەرشیف)
دانیشتنێکی پەرلەمانی عێراق (ئەرشیف)

K24 – هەولێر:

ئەندامێکی لیژنەى کشتوکاڵ و ئاودێریی لە پەرلەمانى عێراق رەخنە لە رێککەوتنى ئەم دواییانەى نێوان سوودانى و ئەردۆغان لەبارەى ئاوەوە دەگرێت.

ئیبتیسام هیلالی، ئەندامى لیژنەى کشتوکاڵ و ئاودێریی لە پەرلەمانى عێراق، رەخنە لە رێککەوتنى ئەم دواییانەى نێوان سوودانى و ئەردۆغان لەبارەى ئاوەوە دەگرێت و دەڵێت: رێککەوتنەکە مافى بەکارهێنانى تەواوەتى ئاوى عێراقی داوەتە تورکیا.

 ناوبراو ئاماژەی بەوەدا، هەندێک لە بڕگەکانى نێو رێککەوتن و لێکتێگەیشتنەکان ناڕوونن پێویستە روون بکرێنەوە، بەتایبەتى لە دەستنیشانکردنى بڕی ئەو ئاوەى بۆ عێراق بەردەدرێتەوە.

ئەو ئەندامەی لیژنەی کشتوکاڵی و ئاودێری لە پەرلەمانی عێراق، باسی لەوەشکرد، لە رێککەوتنەکاندا، دەسەڵات دراوەتە کۆمپانیا تورکییەکان کە دەست لە کاروبارى ئاوى عێراق وەربدەن، بەتایبەتى لەبارەى دروستکردنى بەنداو لەسەر رێڕەوى رووبارەکان.

رۆژی (دووشه‌ممه‌ 22ـی نیسانی 2024) محه‌ممه‌د شییاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق و ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆككۆماری توركیا سه‌رپه‌رشتی واژۆكردنی چەند رێککەوتنێکی دووقۆڵیان له‌ نێوان بەغدا و ئەنقەرە کرد، کە دیارترینیان لەسەر پرسی ئاو بوو.