سەباح سوبحی: عێراق خاوەنی سەروەریی بڕیاردان لە کەرتی نەوت و غازدا نییە

سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق
سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق

K24 – هەولێر:

ئەندامێکی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی هێرشەکەی سەر کۆڕمۆڕ دەڵێت: بە ئامانجگردنی کێڵگەی غازی کۆرمۆر، لێدانە لە ژێرخانی وزەی هەرێمی کوردستان. هاوکات ئاماژە بەوە دەکات، ئێران چەندین گرووپی چەکدار لە عێراق پارەدار دەکات بۆ ئەوەی ژێرخانی ئابووریی و ئەمنی هەرێمی کوردستان بکەنە ئامانج.

سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق، لەمیانەی بەشداریی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 رایگەیاند، ئێران ناڕەحەتی خۆی بەرامبەر هەر گرێبەستێکی غاز نیشان دەدات کە عێراق لەگەڵ هەر کۆمپانیا و وڵاتێک ئەنجامی بدات، چونکە دەبێت رێگر لەبەردەم هاوردەکردنی غازی ئێرانی.

ئەو ئەندامەی لیژنەی نەوت و غاز دەڵێت: بە ئامنجگردنی کێڵگەی گازی کۆرمۆر، لێدانە لە ژێرخانی وزەی هەرێمی کوردستان، هۆکارەکەشی ئەوەیە میلیشیاکان نایانەوێت هەرێمی کوردستان خاوەنی غازی خۆی بێت.

ناوبراو دووپاتی دەکاتەوە، بەو هێرشەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر سوودانی تووشی شەرمەزاری دەبێت بەهۆی ئەوەی تا ئێستا رێککەوتنی ئەمنی لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق لە سنووری ماددەی 140 هەیە، بەڵام ئەو رێککەوتنانە کارا نەکراوە بەهۆکاری سیاسی، ئەمەش وایکردوە بۆشای ئەمنی دروست بێت.

سەباح سوبحی، گوتی: ئێران ئەجێندایەکی قووڵی هەیە لە عێراق، کە چەندین گرووپی چەکداری لە یاسا دەرچوو پارەدار دەکات بۆ ئەوەی ژێرخانی ئابووریی و ئەمنی هەرێمی کوردستان بە ئامانج بگرن، هەورەها لە رێگەی ئەو گرووپانەوە وڵاتەکە دەیەوێت فشار بخاتە سەر هەرێمی کوردستان.

باس لەوەش دەکات، وڵاتانی ئەورووپا و ئەمەریکا گرنگی بە دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەدەن، هەوڵدەدەن چارەسەر بدۆزنەوە بۆ هەر کێشەیەک کە رووبەڕووی هەرێمی دەبێتەوە بە تایبەت لەلایەن حکومەتی فیدراڵی ئەویش بە ئەجێندای ئێران. عێراق و ئێران نایەنەوێت هەرێمی کوردستان خاوەن ئابووری سەربەخۆی خۆی بێت.

ئەو ئەندامەی لیژنەی نەوت و غاز، جەخت لەوە دەکاتەوە، حکومەتی فیدراڵی خاوەنی سیاست و ئیرادەی سەربەخۆی خۆی نییە بۆ بەڕێوەبەردنی کێڵگەکانی نەوت و غاز، هەروەها عێراق خاوەنی سەروەریی نییە لە بڕیاردان لە کەرتی نەوت و غازدا.

ڕۆژی هەینی (26ـی نیسانی 2024) بە درۆن هێرش کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر کە بووە هۆی کوژرانی چوار کارمەندی یەمەنی و برینداربوونی دووانی دیکەش، بەهۆی هێرشەکەوە ناردنی غاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی کارەبا وەستاو نزیکەی 2500 مێگاوات کارەبا کەم بووە.

غازی کۆرمۆر، لەرێگەی بۆرییەوە رەوانەی وێستگەکانی کارەبای چەمچەماڵ و هەولێر دەکرێت، بەمەش لە 67%ـی کارەبای هەرێمی کوردستان دابیندەکات.

کێڵگەی غازیی کۆرمۆر، کە لە ساڵی 2007ـەوە دامەزراوە، دەکەوێتە سنووری ناحیەی قادر کەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵە لە پارێزگای سلێمانی، کۆمپانیای دانەغاز وەبەرهێنانی تێدا دەکات.