حه‌كیم به‌شار و عه‌بدوڵڵا گه‌دۆ له‌ چه‌ند سه‌ردانێكدا بارودۆخی سووریا و ڕۆژئاوای كوردستان و پێكهاته‌كان تاوتوێ ده‌كه‌ن

K24 - هەولێر:

جێگری سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی نیشتمانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا و ئه‌ندامێكی ده‌سته‌ی سیاسیی هاوپه‌یمانیه‌كه‌ گه‌ڕێكی مه‌یدانیان بۆ ڕاجۆ ئه‌نجام دا و چاویان به‌ نوێنه‌رایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانی كوردی سووریا (ئه‌نه‌كه‌سه‌) و ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامانی ناوچه‌یی پارتی دیموكراتی كوردستان – سووریا كه‌وت.

هه‌ر یه‌ك له‌ حه‌كیم به‌شار، جێگری سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی نیشتمانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا و عه‌بدوڵڵا گه‌دۆ، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی سیاسیی هاوپه‌یمانی نیشتمانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا سه‌ردانی ڕاجۆیان كرد و چاویان به‌ نوێنه‌رایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانی كوردی سووریا (ئه‌نه‌كه‌سه‌) و ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامانی ناوچه‌یی پارتی دیموكراتی كوردستان – سووریا كه‌وت.

حه‌كیم به‌شار و عه‌بدوڵڵا گه‌دۆ له‌ دیدارێكدا بارودۆخی سووریا به‌ گشتی و ڕووداوه‌كانی ناوچه‌كه‌ و لێكه‌وته‌كانی به‌سه‌ر بارودۆخی سووریان خسته‌ ڕوو، هه‌روه‌ها پلانی هاوپه‌یمانی نیشتمانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا له‌ ناوچه‌كه‌ و عه‌فرین تاوتوێ كرد.

حه‌كیم به‌شار و عه‌بدوڵڵا گه‌دۆ جه‌ختیان له‌سه‌ر پاراستنی موڵك و ماڵی هاووڵاتییانی عه‌فرین و ناوچه‌كه‌ كرده‌وه‌ و سووربوونی خۆیشیان دووپات كرده‌وه‌ بۆ لێپێچینه‌وه‌ له‌و كه‌سانه‌ی پێشێلكارییان كردووه‌ و ئاسایشی خه‌ڵكیان تێك داوه‌.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌یان به‌ هه‌ڵوێستی ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانی كوردی سووریا (ئه‌نه‌كه‌سه‌) كرد له‌ هه‌موو بارودۆخێكدا. هه‌روه‌ها تیشكیان خسته‌ سه‌ر ڕه‌فتاری گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی عه‌فرین و ئه‌و تاوانانه‌ی دژ به‌ هاووڵاتییان ئه‌نجامی ده‌ده‌ن، نه‌خاسمه‌ سه‌پاندن وه‌رگرتنی باج له‌ خه‌ڵك.

هه‌روه‌ها حه‌كیم به‌شار و عه‌بدوڵڵا گه‌دۆ به‌شدارییان له‌ بۆنه‌یه‌كدا كرد كه‌ "گردبوونه‌وه‌ی توركمانی سووریا" له‌ شارۆچكه‌ی ڕاعیل له‌ ڕیفی حه‌له‌ب ڕێكی خستبوو.

حه‌كیم به‌شار له‌ گوته‌یه‌كدا جه‌ختی كرده‌وه‌، به‌شداریكردن له‌و بۆنه‌یه‌دا ده‌رخه‌ری مۆزاییكی ڕاسته‌قینه‌ی سووریایه‌. گوتیشی، ڕژێمی ئه‌سه‌ده‌ هه‌وڵی دا به‌یه‌كه‌وه‌ژیانی پێكهاته‌كانی سووریا له‌ناو ببات، به‌ڵام شۆڕشی گه‌لانی سووریا ئه‌و دیواره‌ی تێك شكاند، كه‌ ڕژێمی ئه‌سه‌د دروستی كردبوو.