شاندێکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵی لە کۆبوونەوەدایە

مووچە
مووچە

K24 - هەولێر

شاندە تەکنیکییەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەربارەی پرسی مووچەی مانگی نیسان (چوار)ـی فەرمانبەران، ڕادەست کردنی داهاتە نانەوتییەکان و چەند پرسێکی دیکە، لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵی تاوتوێ دەکات.

بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 28-04-2024، شاندێکی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی محەممەد عەبدولقادر بەڕێوەبەری گشتیی ژمێرکاری وەزارەتەکە گەیشتە بەغدا.

ئێستا شاندە تەکنیکییەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی بە مەبەستی تاوتوێ کردنی پرسی مووچەی مانگی نیسان (چوار)ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، ڕادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکان بە حکوومەتی عێراق، پڕۆژەی "هەژماری من" و چەند پرسێکی دیکە؛ لەگەڵ شاندێکی وەزارەتی دارایی فیدراڵی لە کۆبوونەوەدایە.

ڕۆژی چوارشەممە، 24ـی نیسانی 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا جەختی کردەوە، "نابێت هیچ بیانوو و پاساوێک بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ بهێڵرێتەوە تا بکرێتە بيانوو بۆ خەرجنەکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێم؛ هەر بە ئەم ئاراستەیەش ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی و ئابووریی و شاندی دانوستانکاری ڕاسپارد، ئەوەی لە یاسا بەرکارە فیدراڵیيەکان دەستنیشان کراوە وەک بەشی گەنجینەی فیدراڵیی لە داهاتی نانەوتی بەدەست هاتوو لە هەرێم، بخرێتە سەر ئەژماری وەزارەتی دارایی فیدراڵ".