عێراق.. لەبارەی هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمەریکا؛ ناکۆکی کەوتووەتە نێوان میلیشیاکان

ژمارەیەک چەکداری سەر بە حەشدی شەعبی
ژمارەیەک چەکداری سەر بە حەشدی شەعبی

K24 - هەولێر

لەسەر دەست پێ کردنەوەی هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا؛ ناکۆکی کەوتووەتە ناو میلیشیاکان. بەشێکیان دەیانەوێت لە ڕێگەی ئەو هێرشانەوە شکست بە دەرەنجامی سەردانەکەی ئەم دواییەی سوودانی بۆ واشنتن بهێنن.

مێدیای عەرەبی ئاشکرای دەکات، لەسەر دەست پێ کردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر ئامانج و بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا؛ ناکۆکی کەوتووەتە نێو میلیشیاکانی نزیک لە ئێران و هاوهەڵوێست نین لەسەر ئەم پرسە.

 وێڕای ئەوەی لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا دوو جار لەلایەن میلیشیاکانی عێراق نزیک لە ئێران هێرش کراوەتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا، بەڵام بە گوێرەی سەرچاوەکە دوای سەردانەکەی بۆ واشنتن، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەردەوامە لە فشارەکان لەسەر میلیشیاکان بۆ بەردەوامیی بە پاراستنی ئاگربەست و ڕاگرتنی تەواوەتی هێرشەکان بۆ سەر بەژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا.

سەرچاوەیەک لە حکوومەتی عێراق بە پێگەی "العربی الجدید"ـی ڕاگەیاندووە، هەوڵی تاکەکەسیی لەنێو میلیشیاکاندا هەیە بۆ بەئامانجگرتنی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا، بەڵام حکوومەتی عێراق لەگەڵ ئەو لایەنانە و ئێران هەماهەنگی خێرای کردووە بۆ وەستاندنی ئەو جوڵانە و بەهۆیەوە بارودۆخەکە کۆنترۆڵ کراوە. ئاماژەی بەوەش کردووە، بەشێک لە میلیشیاکان بە هێرش کردنە سەر هێزەکانی ئەمەریکا دەیانەوێت دەرەنجامی سەردانەکەی سوودانی بۆ ئەمەریکا شکست پێ بهێنن.

هاوکات سەرچاوەیەک لە کەتائیبی سەیدولشوهەدا بە هەمان پێگەی ڕاگەیاندووە، بەر لەسەر سەردانەکەی بۆ ئەمەریکا؛ سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڵێنی بە میلیشیاکان دابوو کە بە وەڵامی دڵخۆشکەری سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەگەڕێتەوە، بەڵام بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، بەڵێنەکەی سوودانی شکستی هێناوە و دابەشبوون کەوتووەتە نێو هەڵوێستی میلیشیاکان. هەروەها هێرشەکانی ئەم دواییە وەک کاردانەوەیەک بوو بەرامبەر دەرەنجامی سەردانەکە.

لەلایەکی دیکە عائید هیلالی، ئەندام لە چوارچێوەی هەماهەنگی ڕایدەگەیەنێت، زۆرینەی لایەنە سیاسییەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی کار لەسەر ڕێگریکردن لە هێرش کردنە سەر هێزەکانی ئەمەریکا دەکەن، چونکە بە گوتەی ئەو هەرجۆرە گرژییەک بەم ئاراستەیە، دەبێتە هۆی وەرچەخانێکی مەترسیدار کە رەنگە دۆخەکە لە کۆنترۆڵ دەربچێت.

هەروەها محەممەد عەلی، چاودێریی سیاسی دەڵێت: ناکۆکی نێوان میلیشیاکان کاتییە، چونکە ئێران ڕێگە بەفراوانبوونی ناکۆکییەکانی نێوانیان نادات. ئاماژە بەوەش دەدات، "هەندێک لەو میلیشیایانە بە ناوی هەماهەنگی، بەنهێنی ڕێنمایی لە تاران وەردەگرن بۆ کردنی هێرشەکان." محەممەد عەلی دەڵێت، "ئەو هێرشانەی ئەم دواییە کە کرانە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا بە ڕێنمایی ئێران بووە".