جۆو بایدن لە ئێوارەخوانێکدا گاڵتە بە ترەمپ دەکات

جۆو بایدن
جۆو بایدن

K24 - هەولێر

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا وتارێکی گاڵتەجاڕانەی پێشکەش کرد، تیایدا گاڵتەی بە خۆی و بەرامبەرەکەی کرد لە کێبڕکێی هەڵبژاردنەکاندا، کە دۆناڵد ترەمپی بە منداڵێکی شەش ساڵان وەسفی کرد، ئەمەش لە میانی ئێوارەخوانی ساڵانەی پەیامنێرانی کۆشکی سپی بوو.

کۆمەڵێک میوانی دیار کە ڕۆژنامەنووس و کەسایەتییە ناودارەکانیشیان تێدابوو، ڕوویان لە هۆتێل هیڵتۆن لە واشنتن کرد و نزیکەی سەد خۆپیشاندەر لە نزیک دەرگای چوونە ژوورەوە کۆبوونەوە و هەندێکیان دروشمی "شەرمەزاری بۆ ئێوە"یان دەگوتەوە.

 گاڵتەجاڕییەکان لەسەر تەمەنی جۆو بایدن و کەوتنە خوارەوەی ناوبەناوی سەرۆکی ئەمەریکا لەسەر پلیکانەکانی هێزی ئاسمانی یەک بووزاڵ بوو. وەک هەمیشە سەرۆکی ئەمەریکا بەشداری ئەم ئێوارەخوانە دەکات و پێش ئەوەی وتارەکەی پێشکەش بکات، باس لەو گاڵتە و گەپە کۆمیدییا و نوکتانە دەکات کە ڕوویداوە.

 ئەمساڵ کۆڵین جۆست ئەکتەری کۆمیدی لە بەرنامەی بەناوبانگی " ساتردەی نایت لایڤ"ـی کەناڵی NBC  میوانداری چالاکییەکەی کرد، کە هاوسەرەکەی سکارلێت جۆهانسۆن لەنێو ئامادەبووان بوو.

جۆست گوتی: با سەرەتا ئاماژە بەوە بکەم کاتژمێر دەی شەو تێپەڕیوە و جۆوی خەوتوو هێشتا بەئاگایە، لەکاتێکدا دۆناڵد ترەمپ هەفتەکەی لە دادگا بەسەربردووە و هەموو بەیانیەکیش خەوتووە، بە ئاماژەدان بە دادگاییکردنی ئەو ملیاردێرە.

 جۆو بایدن تەمەن 81 ساڵ، بۆ گاڵتەکردن بە کۆماریخوازە تەمەن 77ساڵەکە گوتی: "تەمەن تەنها شتێکە یەکمان دەخات".

سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، "ئێمە لە ناوەڕاستی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2024داین و بەڵێ، تەمەن پرسێکی بنەڕەتییە"، دەشڵێت: "من پیاوێکی پێگەیشتووم کە کێبڕکێ لەگەڵ منداڵێکی شەش ساڵان دەکەم".

لەهەمانکاتدا خۆپیشاندانێک بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە شەڕی غەززە لە بەردەم دەرگای هۆتێلەکە بەڕێوەچوو، کە خۆپیشاندەران لافیتە و بڵندگۆیان هەڵگرتبوو و ئاڵای فەڵەستینیان هەڵواسی کە چەند مەترێک لە سەرەوەی هۆتێلەکەوە تا خوارەوە درێژبووەوە .

 یەکێک لە گروپەکانی ڕێکخستنی خۆپیشاندانەکە بەناوی "کۆد پینک" ڕایگەیاند، دەیانەوێت ئێوارەخوانەکە "بوەستێنن" وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە هاوبەشی حکوومەتی بایدن لە کوشتنی ڕۆژنامەنووسانی فەڵەستینی بەدەستی سوپای ئیسرائیل.

کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان کە بنکەکەی لە نیویۆرکە، دەڵێت: لە سەرەتای شەڕی ئیسرائیل و حەماس لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023،  لانیکەم 97 ڕۆژنامەنووس کوژراون کە 92 ڕۆژنامەنووسیان فەڵەستینی بوون.  بەلایەنی کەمەوە 16 کەسی دیکەش بریندار بوون.