گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا: هێرشەکەی کۆرمۆر کاریگەریی لەسەر کەرتی کارەبا هەبووە

K24 - هەولێر

گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، هێرشەکەی سەر کێلگەی غازی کۆرمۆر کاریگەری لەسەر کارەباش هەبووە.

ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، هێرشەکەی سەر کێلگەی غازی کۆرمۆر بووە هۆی وەستانی پرۆسەی هەناردەکردنی غاز و بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنان، هەروەها کاریگەری لەسەر کارەباش هەبوو.

گوتەبێژەکەی وەزارەتی کارەبا گوتیشی: توانیمان سیستەمی کارەبا لە "بلاک ئاوت" واتە لە کوژاندنەوەی گشتیی بپارێزین، هەروەها توانیمان بەسەلامەتی هەموو ئەو وێستگە غازییانە ڕابگرین کە غاز تێیدا سفر بووبووەوە، بەبێ ئەوەی بچووکترین زیان بەر دامەزراوەکان بکەوێت.

ئومێد ئەحمەد ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو ئێستا هیچ بڕە غازێک هەناردە ناکرێت و بەرهەم نایەت، بەڵکو ئەوەی هەیە وەزارەتی کارەبا توانیویەتی پارێزگاری لەو بڕە کارەبایە کە  1600 مێگاواتە بکەن و ڕایبگرن. کە سەرچاوەکەی لە دەرەوەی کێلگەی غازی کۆرمۆر دابین دەکرێت، ئەویش لە وێستگەکانی خورمەڵە و گەرمیانی غازی و باعەدرێ و خەباتی هەڵمی و تاسڵوجە، کە ئەمانە بەنەوتی ڕەش کاردەکەن.

باسی لەوەش کرد، بەپێی زانیاریەکانمان هەوڵەکان چڕکراونەتەوە کە هەرچی زووە هەناردەی غاز دەست پێ بکاتەوە، هەروەها لە کۆبوونەوەی لیجنەکەی عێراق، باس لەلایەنی تەکنیکی و ئەمنییەکان کراوە.

ڕۆژی هەینی (26ـی نیسانی 2024) بە درۆن هێرش کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر کە بووە هۆی کوژرانی چوار کارمەندی بیانی و برینداربوونی دووانی دیکەش.

بەهۆی هێرشەکەوە ناردنی غاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی کارەبا ڕاوەستاوە و نزیکەی 2500 مێگاوات کارەبا کەم بووەتەوە.

غازی کۆرمۆر، بە لوولە ڕەوانەی وێستگەکانی کارەبای چەمچەماڵ و هەولێر دەکرێت، بەمەش لە 67%ـی کارەبای هەرێمی کوردستان دابین دەکات.

کێڵگەی غازیی کۆرمۆر، کە لە ساڵی 2007ـەوە دامەزراوە، دەکەوێتە سنووری ناحیەی قادر کەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵە لە پارێزگای سلێمانی، کۆمپانیای دانەغاز وەبەرهێنانی تێدا دەکات.