کرێی خانووبەرە لە ئێران سەدا 41.8 زیادی کردووە

کرێی خانووبەرە لە ئێران سەدا 41.8 زیادی کردووە
کرێی خانووبەرە لە ئێران سەدا 41.8 زیادی کردووە

K24 - هەولێر

ڕۆژنامەی ''دنیای ئیقتساد''ـی ئێران لە ڕاپۆرتێکیدا بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، لە مانگی نەورۆزی ئەمساڵدا کرێی خانووبەرە لە ئێران سه‌دا 41.8 گران بووە.

ڕۆژنامەی ''دنیای ئیقتساد''ی ئێران لە ڕاپۆرتێکدا پلەبەندیی هەڵاوسانی هەڵکشانی کرێی خانووی وڵاتەکەی لە مانگی نەورۆزی ئەمساڵدا بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی ڕابردوو تاوتوێ کردووە و بەو ئەنجامە گەیشتووە کە هەڵاوسانی کرێی خانوو لە مانگی نەورۆزی ئەمساڵدا سەدا 41.8ی تۆمار کردووە.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش داوە، خێرایی هەڵکشانی کرێی خانوو لە چەند ساڵی ڕابردوودا کە ئەمساڵیشی گرتووەتەوە، پەیوەندیی بە کاریگەریی ڕێژەی هەڵکشانی ''هەڵاوسانی گشتی'' لەسەر ''هەڵاوسانی کەرتی نیشتەجێبوون'' هەیە، کەچی ئەمساڵ هەڵاوسانی کەرتی نیشتەجێبوون لە هەڵاوسانی گشتیی زیاترە.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بە بڕیارێکی پەرلەمانی وڵاتەکەی داوە کە تێیدا هاتووە، دەبێ کرێی خانوو لەسەر بنەمای 50 بۆ سەدا 100ـی هەڵاوسانی گشتیی دابنرێت و لەوە زیاتر نایاساییە.

ڕوونیشی کردووەتەوە، لە کاتێکدا بەپێی ئاماری فەرمی ڕێژەی هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵی گشتی سەدا 30.9  تۆمار کراوە، کەچی ڕێژەی سەدا 41.8ـی هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵی یەکەی نیشتەجێبوون دەری دەخات نرخی خانوو 1.35 هێندە لە ڕێژەی هەڵاوسانی گشتیی زیاتر هەڵکشاوە.

ماڵپەڕی تیجارەت‌ نیوزیش لەسەر زاری پسپۆڕانی کەرتی نیشتەجێبوون ئاماژەی بە هۆکارەکانی گرانبوونی خانووبەرە لەو وڵاتە داوە و یەکەم هۆکاری بۆ دۆخی گەشەی هەڵاوسان لە وڵاتەکەدا گەڕاندووەتەوە کە لە سەرووی سەدا 40 پێشبینی کراوە.

هۆکارێکی دیکەیشی بۆ کەمیی دروست کردن و خستنەڕووی یەکەی نیشتەجێبوون گەڕاندووەتەوە کە لە دوو ساڵی ڕابردوودا بەڵێنی حکوومەت بۆ خستنەڕووی 300 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە ساڵدا جێبەجێ نەکراوە و کەم کراوەتەوە بۆ 200 هەزار یەکە.

 هاوکات ئاماژەی بەوەش داوە، خاوەنداریەتیی دامەزراوە حکوومەتییەکان و بانکەکان لەسەر ژمارەیەکی زۆری مڵکەکانی سەرانسەری ئێران بووەتە گرفتێکی گەورە و حکوومەتیش ناتوانێت دەست بەسەر زێدەڕۆیی ئەو مڵکانەدا بگرێت.