زیاتر لە 60 ملیۆن دینار بۆ ناوچەی پیشەسازیی ڕانیە خەرج دەکرێت

شاری ڕانیە ناوەندی ئیدارەی ڕاپەڕین
شاری ڕانیە ناوەندی ئیدارەی ڕاپەڕین

K24 – هەولێر

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان زیاتر لە 60 ملیۆن دینار بۆ كۆنكرێت كردنی شەقامەکانی ناوچەی پیشەسازیی ڕانیە خەرج دەكات.

فەرمانگەی مێدیا و زانیاریی بڵاوی کردووەوە، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە فەرمانێكی وەزاریدا، لەسەر ڕێژەی 15%ی داهاتی سەرۆكایەتیی شارەوانیی ڕانیە، ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر خەرج كردنی گوژمەی 60 ملیۆن و 689 هەزار دینار بۆ شارەوانیی ڕانیە .

بەپێی فەرمانە وەزارییەكە، ئەو گوژمەیە لەسەر داهاتی شارەوانیی ڕانیەیە و بەپێی پلانی شارەوانی بۆ پرۆژەی كۆنكرێت كردنی شەقامەکانی ناوچەی پیشەسازی ڕانیە خەرج دەكرێت.

چەند ڕۆژێکی پڕۆژەی قیرکردنی شەقامی دوو سایدی ناوبازاری ڕانیە دەستی پێ کردووە و بە تەواوبوونیشی جیا لەوەی ئەو گرفتەی هاتووچۆ لە سەنتەری ڕانیە هەبووە، چارە دەبێت، سیمایەکی جوانیش بە بازاڕی شارەکە دەدات.