رەوەندی کوردستانی لە ئەڵمانیا جەخت لە پاراستنی زمان و کولتووری کوردی دەکاتەوە

ڕەوەندی کوردستانی لە شاری وۆلفسبۆرگی ڕۆژهەڵاتی ئەڵمانیا
ڕەوەندی کوردستانی لە شاری وۆلفسبۆرگی ڕۆژهەڵاتی ئەڵمانیا

K24 - هەولێر

ڕەوەندی کوردستانی لە شاری وۆلفسبۆرگی ڕۆژهەڵاتی ئەڵمانیا بە سەرپەرشتی شیفا بارزانی کۆبووە. بەشداربووانی کۆبوونەوەکە باسیان لە پاراستنی زمان و ناسنامە و فەرهەنگی کوردی لە ناو نەوەی نوێی کوردستانیانی ئەڵمانیا کرد و پلانیان بۆ بەهێزکردنی لۆبی کوردی لە ئەڵمانیا، کرد.

ڕەوەندی کوردستانیی لە وۆلفسبۆرگ بۆ ئەوەیە هەنگاوەکانی داهاتووی ڕەوەندی کوردستانی لە ئەڵمانیا گفتوگۆ بکەن و چاویان لە چالاکیی و بەرهەمی زیاترە.

فەرهاد ئەحمێ چالاکوان لە رێکخراوە مەدەنییەکان بۆ کوردستان24 گوتی "ڕەوەندی کوردستانی یەکێکە لە ڕەوەندە هەرە چالاکەکانی ئەڵمانیا، سەرەڕای ئەوە کە نەتەوەیەکی بێدەوڵەتە بەراورد بە نەتەوەکانی دیکەی ئێرە. هەنگاوی زۆر باش هەن، بە تایبەت دەربارەی جێگیرکردنی زمانی کوردی لە بەشێکی قوتابخانە و باخچەی ساوایان لە ئەڵمانیا، لە لایەکی دیکەش گەلەک کورد لە لە پەرلەمان و دامەزراوەکانی ئەڵمانیا هەن".

 گەنجێکی 19 ساڵە کە لە باوکێکی کورد و دایکێکی ئەڵمان بە دونیا هاتووە، جۆش و خرۆشی کوردانەی هەیە و پرسی زمان و ناسنامەی کوردی بە کاری لە پێشینەی خۆی دەزانێت و شانازی بە کوردبوونییەوە دەکات.

جانۆ بەرازی – قوتابی بۆ کوردستان24 دەڵێ "ناوی کورد و ناسنامەی کورد لە هەموو دونیا بەهێز بکەن و بەرز بکەنەوەو بیپارێزن، باسی خۆم بکەم دەمەوێت سیاسەت و ئابووری بخوێنم لە ئەوروپاو بتوانم لە داهاتوودا سوود بە کوردستان بگەیەنم. پەیامم بۆ هەموو گەنجانمان ئەوەیە زۆر ڕێگە هەن کە دەتوانن هاوکاری وڵاتەکەیان بکەن".

سەرپەرشتیاری ڕەوەندی کوردستانی لە وەڵامی ئەو لاوەدا، ئاماژەی بەوە دەکرد کە دەرگای کوردستان واڵایە بۆ پێشوازیی لە توانای ئەو گەنجانەی دەیانەوێت بە تواناکانیان سوود بە کوردستان بگەیەنن.

شیفا بارزانی، سەرپەرشتیاری ڕەوەندی کوردستانی بۆ کوردستان24 گوتی "بۆ ئەو گەنج و لاوانەی کورد کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە و خزمەتی وڵاتی خۆیان بکەن، خزمەتی سیاسەت و ئابووری و وەرزشی وڵاتەکەیان بکەن، ئێمە لە خزمەتیانداین و هیوادارین خەڵکی وەک ئەم لاوە زۆرمان بۆ بێنیت، ئێمە کار لەسەر ئەوە دەکەین کە فدڕاسیۆنێکی گەنجان و قوتابیان دابمەزرێنین، هیوادارین هاوکارمان بن و سودێکی زۆری بۆ میللەتەکەمان دەبێت".

ڕەوەندی کوردستانی لە ئەڵمانیا و وڵاتانی دیکەی ئەوروپا لە هەوڵی جیددیدایە بۆ سەر لە نوێ خۆڕێکخستنەوەو دروستکردنی لۆبیەکی بەهێزی کوردی بۆ پشتیوانیی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دۆزی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان.