خۆپیشاندانەکانی قوتابیان لە ئەمەریکا، پاڵپشتیی حەماس یاخود گوتاری دژەسامیی؟

خۆپیشاندنەکانی قوتابیان
خۆپیشاندنەکانی قوتابیان

K24 - هەولێر 

بەگوێرەی دوایین هەوالەکانی ئاژانسی ئەسۆشیێیتێد پرێس، خۆپیشاندەرانی نێو ژمارەیەک لە زانکۆکانی ئەمەریکا ڕووبەڕووی کاردانەوەی هێزەکانی دژە-ئاژاوەگێڕیی ئەمەریکا بوونەتەوە.

ماڵپەڕی برایتبارتی ئەمەریکیش لەم بارەیەوە نووسیوەتی کە ئەو خۆپیشاندەرانە لەلایەن کەسانێک ڕابەرایەتیی دەکرێن کە تێگەیشتنێکی دژە-سامیانەیان هەیە و تەنانەت درووشمی "زایۆنیستەکان شاییشتەی ژیان نین"یان هەڵگرتووە.

لەم دواییە، و لە دەرنجامێکی ڕاستەوخۆی هێرشە تیرۆریستیەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و وەڵامدانەوەی توندی ئیسرائیل بە هێرشی سەربازیی بۆ سەر کەرتی غەززە بە مەبەستی بنەبڕکردنی مەترسیی تیرۆریستیی حەماس، هەستی دژە-سامێتی لە ژمارەیەک لە زانکۆ و نێوەندەکانی خوێندن و ئەکادیمی لە ئەمەریکا، بریتانیا، ئەڵمانیا و سوێد بەدیدەکرێت.

ئاژانسی ئەسۆشیێیتێد پرێس ڕوونی کردۆتەوە کە دوای دەستبەسەرکردنی کۆمەڵێک قوتابیی زانکۆی کۆلۆمبیا لەلایەن هێزەکانی دژە-ئاژاوەی شاری نیویۆرک، ڕاگرایەتیی زانکۆکە دواتر بریاری هەڵپەساردنی ئەو قوتابیانەیان داوە.

بە گوێرەی ئاژانسی ئەسۆشیێیتێد پرێس، ئەمە ئەو ترسە دروست دەکات کە ئەم قوتابیانە لە داهاتووشدا ڕووبەڕووی تۆماری یاسایی زیاتر ببنەوە.

دۆخی نالەباری قوتابیانی ناڕەزا بووەتە بەشێکی سەرەکی ناڕەزایەتییەکان، قوتابیان و ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستایان داوای لێخۆشبوون لە قوتابیەکان دەکەن. ئەوەی جێی مشتومڕە ئەوەیە کە ئایا زانکۆکان و هێزەکانی جێبەجێکردنی یاسا لە تۆمەتەکان خۆش دەبن یاخود بڕیاری ڕاگرتن و تۆمارە یاساییەکان لەدژی قوتابیەکاندا دەردەکرێت.

مەرجەکانی ڕاگرتنەکان لە ئەمەریکا لە زانکۆیەک بۆ زانکۆیەکی دیکە جیاوازە. لە زانکۆی کۆڵۆمبیا و کۆلێژی بارنارد بۆ ژنان کە سەر بە زانکۆی کۆلۆمبیایە، چەندین قوتابی لە 18ی نیسان دەستگیر کران و دەستبەجێ لە ناو کەمپ و پۆلەکان قەدەغە کران، نەیانتوانی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان بە شێوەیەکی مەجازی بەشداری بکەن و لێیان قەدە‌غە کرا ئامادەی هۆڵەکانی نانخواردن بن.

بە شێوەی سەرەکی دوو تێروانین و خوێندنەوە بۆ ئەم خۆپیشاندانانە دەکرێت. خوێندنی یەکەم هەوڵی ئەوە دەدات کە ئەم خۆپیشاندانانە وەک پاڵپشتیەک بۆ خەڵکی غەزە نیشان بدات. ماڵپەڕی ئەلجەزیرە، بۆ نموونە، ئاماژەی بەوە کردووە کە وەسف کردنی ئەم خۆپیشاندنانە وەک ئاماژەیەک بۆ دەربرینی ڕق و کینە دژی جووەکان دوورە لە ڕاستی و تەنانەت چەندین کەس لەو خۆپیشاندانە جوولەکەی ئۆرتۆدۆکسن.

ئەوەی کە دەکرێت جۆرێکە لە گەیاندنی ئەو پەیامە بە دەسەلاتدارەکان کە ئیدی کاتی ئەوە هاتووە کە شەڕ رابگیرێت و ئەو "جینۆسایدەی دژی فەلەستینییەکان" کۆتایی پێبهێنرێت.

رۆبێرت ڕایش، لە وتارێکی لە ماڵپەری گاردیەن، نووسیویەتی، " ئایا دەتوانین لەبارەی چەند شتێکەوە ڕوون بین؟ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بەم کۆمەڵکوژییە دەربڕینێکی دژە-سامی نییە. خەریکبوون نییە بە قسەی ڕقاوی. ئەوە نییە خوێندکاری جوو بخاتە مەترسییەوە. ئەوە ئەنجامدانی ئەو شتەیە کە پێویستە لە کەمپێکی زانکۆدا بکرێت – هەڵوێست وەرگرتن لە دژی هەڵەیەکی هەستپێکراو کە بتوانێت گفتوگۆ و مشتومڕ برووژێنێت."

بەڵام خوێندنی دووهەم ئەمە دەخاتەڕوو کە ڕەوتی خۆپیشاندنەکان ئاراستەکراوە و کەسانی پرۆفیشنال ڕابەرایەتیی گوتاری سەرەکیی خۆپیشاندنەکە دەکەن. بەگوێرەی ئەم خوێندنەوەیە، گوتاری زاڵ لە نێو خۆپیشاندەران گووتارێکی دژە-سامییە.

ماڵپەڕی جێرۆسالم پۆست لە زاری کەسێکی بە ڕەچەلەک جوو نووسیویەتی کە چەندان ڕووداوی توندوتیژی و ڕق دەربڕین دژی جووەکان لە ئەمەریکا لە لایەن خۆپیشاندەرانی 'لایەنگری فەلەستین' ڕوویداوە.

ماڵپەڕی "کۆمەڵەی دژی ناوزڕاندن" (Anti-Defamation League - ADL)، کە دامەزراوەیەکە بۆ بنەبڕکردنی گوتاری دژە-سامیی و پەڕگیری، ئاماژە بەوە دەدات کە ئەو بەناو خۆپیشاندانەی کە لە زانکۆکان بەدی دەکرێت، و بە تایبەتی لە زانکۆی کۆلۆمبیا، لەژێر کاریگەریەکی زەقی گوتارێکی مەترسیداری دژە-سامییە.

ماڵپەڕەکە ئاماژە بەوە دەدات گرووپەکانی دژە-زایۆنی لە زیاتر لە 50 زانکۆی و کۆلێجی ئەمەریکا "خێوەتگا"یان هەڵداوە بە مەبەستی دەربرینی ناڕەزایەتی لەدژی کردەوەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەزە و تەنانەت تۆمەتبارکردنی دامەزراوە ئەکادیمیەکانی ئەمەریکا و رۆژئاوا بەوەی کە هەمبەر ئەم کردەوانە بێدەنگە و هەلوێستی وەرنەگرتووە.

بەڵام ئەوەی کە جێی سەرنجە ئەوەیە کە ئەم جۆرە نارەزاییانە لەم دواییە سەریان هەڵنەداوە، بەڵکو تەنانەت کەمتر لە حەوت ڕۆژ دوای هێرشە تیرۆریستیەکەی حەماس، چەندین قوتابی جوو لە نێو هەرەمی زانکۆکان بە ئامانج گیران و ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەوە.

ماڵپەڕی (ADL) ئەوەی ڕوونکردۆتەوە کە ڕێکخەری سەرەکی رەوتی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی نێو زانکۆکانی ئەمەریکا رێکخراوێکە بە ناوی "قوتابیانی پاڵپشتیکاری دادپەروەی بۆ فەلەستین" (Students for Justice in Palestine - SJP). ئەم رێکخراوە لە 20ی نیسانەوە ڕاگەییندراوەکانی بلاو کردبوو بۆ ئەوەی ئەم خۆپیشاندنانە دەست پێ بکرێت.

ماڵپەڕی (ADL) گوتاری سەرەکی ئەم رێکخراوەیە ئاشکرا دەکات و دەڵێت، هەر لە سەرەتای هێرشە تیرۆریستییەکەی حەماس بۆ ئیسرائیل، قوتابیانی خێوەتگاکەی زانکۆی کۆلۆمبیا و رێکخەرانی (SJP) بە شێوەی بەردەوام پاڵپشتی توندوتیژی و رێکخراوی حەماسیان کردووە.

تەنانەت ئەو بەڵگەیەشی خستۆتەڕوو کە لە نێو خۆپیشاندەران دروشمی "من حەماسم" هەڵگیراوە و چەندین حاڵەت هەبووە کە خۆپیشاندەران هاواریان کردووە: "ئەلقاسم (ئاماژەیەک بۆ باڵی سەربازیی حەماس بە ناوی عزەددین ئەلقەسسام) جێی شانازیت، هەر ئێستا سەربازێکی دیکەش بکوژە".

کێشەکانی نێو زانکۆی کۆلۆمبیا ئەوەندە قووڵ بوونەتەوە کە کار گەیشتۆتە کۆمیتەی پەروەردە و هێزی کار (Committee on Education and the Workforce) کە سەر بە کۆنگرێسی ئەمەریکایە. لە دوایین دادپرسی ئەم کۆمیتەیە، زانکۆی کۆلۆمبیا و ڕاگرایەتیی زانکۆکە بەوە تۆمەتبار کراوە کە " لە 7ی تشرینی یەکەمەوە ئەم کۆمیتەیە و هاووڵاتیانی ئەمەریکا بە ترسەوە سەیری زۆرێک لە کەمپەکانی کۆلێجەکانمان دەکەن، بە تایبەتی گرانترین قوتابخانەکان کە پێیان دەوترێت نوخبە، بوونەتە شوێنی گەرمی دژە جووگەرایی، دژەسامێتی و ڕق و کینە."

جێی ئاماژەیە کە سەرۆکی زانکۆی کۆلۆمبیا، پرۆفیسۆر مینۆشە شەفیقە کە هەلگری سێ ناسنامەی ئەمەریکیی، بەریتانیایی و میسرییە.