ڤیان دەخیل: گەڕاندنەوەی کەسوکاری چەکدارانی داعش لە کەمپی هۆلەوە بۆ عێراق جێگەی مەترسییە
K24 - هەولێر
گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، گەڕاندنەوەی کەسوکاری چەکدارانی داعش لە کەمپی هۆڵی ڕۆژئاوای کوردستان لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە بۆ کەمپی جەدعە جێگەی مەترسییە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 28-04-2024، ڤیان دەخیل، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "ماوەی نزیکەی سێ ساڵە حکوومەتی عێراق دەستی کردووە بە هێنانی کەسوکاری چەکدارانی داعش لە کەمپی هۆڵی ڕۆژئاوای کوردستانەوە بۆ کەمپی جەدعە، لە سنووری پارێزگای نەینەوا. وەکو پێشتریش ڕامانگەیاندووە، ئەمە مەترسییەکی مەزنە بۆ سەر دانیشتووانی ناوچەکە و بەتایبەت بۆ کوردانی ئێزدی شتێکی زۆر ناخۆشە و برینەکانمان نوێ دەکاتەوە".
لەبارەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگالیش، ڤیان دەخیل گوتی، "پێویستە هەردوو حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کار بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگال بکەن، هێزە بیانییەکان لە شارەکە دەربکرێن و ئاوارەکان بگەڕێنرێنەوە زێدی باب و باپیرانیان. چەندین ساڵە ڕێککەوتنەکە کراوە، بەڵام بەداخەوە بەربەست بۆ جێبەجێکردنی دادەندرێن".
ئەمە لە کاتێکدایە تا ئێستاش، زۆرێک لە وڵاتان ئامادە نین هاوڵاتییەکانی خۆیان کە نیشتەجێی کەمپی هۆلن, بیانگوێزنەوە وڵاتانی خۆیان، ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ بۆ چاودێریی مافەکانی مرۆڤیش دەڵێت، "تەنها 25 وڵات ئامادەییان دەربڕیوە بۆ گەڕاندنەوەی هاووڵاتییەکانیان لەنێو کەمپەکەدا بۆ وڵاتەکانی خۆیان، لەوانەش وڵاتانی کازاخستان، کۆسۆڤۆ، ڕووسیا و ئۆزبەکستان".
ئەمەریکا زۆربەی هاووڵاتییەکانی خۆی لەنێو کەمپەکەدا بۆ ئەمهریکا گواستووەتەوە، بەڵام وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا ڕەتیان کردووەتەوە ئەو کەسانە بگەڕێننەوە وڵاتانی خۆیان.
كهمپی هۆل لهلایهن نهتهوهیهكگرتووهكانهوه له قهراغ بهشی باشووری شارۆچكهی ئەلهۆل له سهرهتاكانی ساڵی 1991، له سهردهمی جهنگی كهنداو دروست کراوە، ئهمڕۆ یهكێكه له كهمپه ههره قهرهباڵغهكان له پەککەوتە و ژن و منداڵەکانی جەنگی سووریا و داعش.