ڕۆژانە زیاتر لە ملیارێک ژەم خواردن فڕێ دەدرێتەوە ناو زبڵدانەکانەوە

K24 - هەولێر

لە کاتێکدا 780 ملیۆن کەس گیرۆدەی برسییەتین، ڕۆژانە زیاتر لە ملیارێک ژەم خواردن فڕێ دەدرێتەوە زبڵدانەکانەوە. ئەم پرسە ئاڵنگارییە بۆ وڵاتانی عەرەبی، بەو پێیەی داب و نەریتی کۆمەڵایەتی، جگە لە هۆ ئابوورییەکان، پێویستی بە ڕێگەیەکی تایبەتمەند هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی بەفیڕۆدانی خۆراک.

ڕاپۆرتێک لەژێر ناونیشانی"بەهەدەردانی خۆراک لە ساڵی 2024" کە لەلایەن پرۆگرامی ژینگەپارێزیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەرچووە، دەڵێت: خێزانەکان لە سەرانسەری جیهان لە ماوەی ساڵی 2022دا، زیاتر لە ملیارێک ژەمیان فڕێ داوەتە سەبەتەی زبڵدانەوە. ئاماژەی بەوەش کردوووە، ئەو بڕە پارەیە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی 780 ملیۆن کەس کە گیرۆدەی برسییەتین، بەس بووە؛ ئەمە لە کاتێکدایە یەک لەسەر سێی مرۆڤایەتی کێشەی ئاسایشی خۆراکیان هەیە.

ڕاپۆرتەکە مەزەندە دەکات کە پاشماوەکانی خۆراک لە ساڵی 2022دا، یەک ملیار تۆنی تێپەڕاندووە، کە یەکسانە بە 132 کیلۆگرام بۆ هەر تاکێک و نزیکەی یەک لەسەر پێنجی هەموو ئەو خۆراکانەی کە لەبەردەستی بەکارهێنەران دان.

ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان (FAO) پێی وایە کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی خۆراک بەشدارە لە گۆڕینی سیستەمی کشتوکاڵی و خۆراک بەرەو بەردەوامی، هەروەها لەڕێگەی بەردەستبوونی خۆراک، دەستەبەرکردنی ئاسایشی خۆراک، دروستکردنی شێوازی خۆراکی تەندروست، و بنیاتنانی خۆڕاگری بەردەست دەبێت، هەروەها وەک ستراتیجییەکی سەرەکیی کەشوهەوا کار دەکات بە کەمکردنەوەی دەردانی گازی گەرمخانەیی. بۆیە دەتوانێت یارمەتی وڵاتان و بازرگانەکان بدات بۆ پێشخستنی دۆخی کەشوهەوا.

ڕاپۆرتەکە، وردەکارییەکی سادە لەسەر بەفیڕۆدانی خۆراک لە وڵاتانی عەرەبیدا دەخاتە ڕوو، کە بەپێی ڕاپۆرتەکە، خەمڵاندنەکان بۆ ئەو بڕە خۆراکەی کە تاکێک ساڵانە بەفیڕۆی دەدات لە نێوان وڵاتانی عەرەبیدا جیاوازییەکی زۆری هەیە، کە لە لیبیا بەلایەنی کەمەوە 84 کیلۆگرامە، لە پارێزگای "قننا" لە میسریش زۆرترین ڕێژە 207 کیلۆگرامە.

هەر بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ئەو وڵاتە عەرەبیانەی زۆرترین داهاتیان هەیە کەمترین خۆراک بەفیڕۆ دەدەن. بڕی ئەو خۆراکانەی لە قەتەر و سعوودیە بەفیڕۆ دەدرێن ساڵانە نزیکەی 100 کیلۆگرامە بۆ هەر کەسێک، هەروەها لە عێراق و لوبنان نزیکەی 130 کیلۆگرامە، لە کاتێکدا لە سووریا و تونس و میسر 170 کیلۆ زیاترە.

بەڵام ئەم دۆخە بەهۆی شەڕ و ئاڵنگارییە ئابوورییەکانەوە لە گۆڕاندایە، وەک لە سووریا کە زیاتر لە نیوەی دانیشتووانەکەی بەدەست برسێتیەوە گیرۆدەن؛ بەپێی داتاکانی بەرنامەی خۆراکی جیهانی، بەرهەمی کشتوکاڵی بەهۆی لابردنی یارمەتییەکانی حکوومەت بۆ سووتەمەنی و نەبوونی هێزی کاری گەنج و سەختی هەناردەکردنی کشتوکاڵی کەوتۆتە مەترسییەوە، ئەمەش بەهۆی دابەزینی توانای کڕینی هاووڵاتیان و نەتوانینی هەڵگرتنی خۆراک بەهۆی پچڕانی کارەبای ڕۆژانە بۆ ماوەیەکی زۆر، بەمەش هەڵگرتنی خۆراک ئەگەری تێکچوونی هەیە و بەفیڕۆدانی خۆراک زیاد دەبێت.

چەندین هۆ بەشدارن لە بەفیڕۆدانی خۆراک لەناو خێزانە عەرەبەکاندا، بە پلەی یەکەم فەرهەنگی میوانداری، کە زۆرجار دەبێتە هۆی زیادەڕۆیی لە ئامادەکردنی خۆراک و زیادبوونی بەفیڕۆ دان، بەمەش ڕەنگە ماڵەکان زیادەڕەوی لە کڕین بکەن.

چارەکردنی ئەم کێشەیە لە جیهانی عەرەبیدا پێویستی بە ڕێگەیەکی فرەلایەنە هەیە، کە بریتییە لە زیادکردنی هەڵمەتەکانی هۆشیاریی گشتیی بۆ پەروەردەکردنی بەکاربەران سەبارەت بە دەرئەنجامە ئابووری و ژینگەیی و ڕەوشتییەکانی بەفیڕۆدانی خۆراک، هەروەها هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی خۆراک دەبێت ڕێز لە داب و نەریتە ناوخۆییەکان بگرێت و بگونجێت، وەک دڵنیابوون لە بەکارهێنانی پلان بۆ داڕێژراو و زیرەکانەی پاشماوەی خۆراک.

کێشەی بەفیڕۆدانی خۆراک پرسێکی تەنیا تاکەکەسی نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتییەکی هەمەلایەنەیە کە پێویستی بە هەوڵێکی هاوبەش هەیە، هەروەها بەرپرسیارێتی حکوومەت و کۆمپانیاکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و سەرکردەکانی کۆمەڵگایە بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک و جێبەجێکردنی چارەی پراکتیکی و پێشخستنی فەرهەنگی بەردەوامیی و ئاسایشی خۆراک.