یانەی ئامەدسپۆر بووە پاڵەوانی خولی پلە دووی تورکیا

هاندەرانی یانەی ئامەدسپۆر
هاندەرانی یانەی ئامەدسپۆر

K24 – هەولێر:

یانەی ئامەدسپۆری باکووری کوردستان توانی ببێتە پاڵەوانی خولی پلە دووی تورکیا و سەرکەوت بۆ ریزی یانە پلە یەکەکان.

ڕۆژی یەکشەممە (28ـی نیسانی 2024) یانەی ئامەدسپۆر لە یارییەکانی ئەم هەفتەیە و گەڕی پێش کۆتایی خولی پلە دووی تورکیا (TFF)، لە دەرەوەی یاریگای خۆی توانی بە گۆڵێکی بێ وەڵام لە یانەی سۆماسپۆر بباتەوە.

بەم بردنەوەیەش یانەی ئامەدسپۆر بە کۆکردنەوەی 80 خاڵ پارێزگاری لە ریزبەندی یانەکانی خولی پلە دووی تورکیا کرد و سەرکەوتنی بۆ خولی پلە یەکی ئەو وڵاتە مسۆگەر کرد.

دوای سەرکەوتنی یانەی ئامەدسپۆریش لە یارییەکەی ئەمڕۆ، هاندەرانی یانەکە دەستیان بە ئاهەنگگێڕان کرد، کە بۆ یەکەم جارە لە مێژوودا، ببێتە پاڵەوانی یەکێک لە خولە سەرەکییەکانی تورکیا.

ڕۆژی (26ـی ئابی 2024) یانەی ئامەدسپۆر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی خۆی، پێش دەستپێکردنی خولی ئەمساڵ، درێسی نوێی یانەکەی بە گۆڕانی کوردییەوە بڵاوکردەوە، کە یاریزانەکانی یانەکە لە ڤیدیۆیەکەدا لە کۆڵانێکی ئامەد یاریی لەگەڵ چەند منداڵێک دەکەن و درێسی یانەکەش لە ڕەنگەکانی سەوز و سوور دیزاین کراوە کە ئەو دوو ڕەنگە سیمبوڵی یانەکەن.

ئامەدسپۆر لە باکووری کوردستان ساڵی 1972 دامەزراوە و لەوەتەی وەرزی 2013/2014 لە خولی پلە دووی تورکیا یاریی دەکات، وەرزی رابردوو ئامەدسپۆر بە کۆکردنەوەی 60 خاڵ پلەی چوارەمی بەدەستهێنا، بەڵام لە پاڵاوتنەکان نەیتوانی بگاتە ریزی یانە پلە یەکەکان.