میسر پێشنیازێكی نوێ بۆ راگه‌یاندنی ئاگربه‌ست له‌ غه‌ززه‌ راده‌گه‌یه‌نێت و ئیسرائیلیش پێی رازییه‌

K24 – هەولێر:

میسر سەبارەت بە راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە پێشنیازێکی نوێ دەکات، حەماسیش سبەی وەڵامی پێشنیازەکە دەداتەوە و ئیسرائیلیش پێی رازییه‌.

پێگەی ئەکسیۆسی ئەمەریکی بڵاویکردەوە، میسر سەبارەت بە راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە پێشنیازێکی نوێی کردووە، پێشنیازەکەش ویستی ئیسرائیلی لەسەرە.

ئاشکراشیکرد، پێشنیازەکە پێکهاتووە لە، راگەیاندی ئاگربەست، گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بە غەززە، ئازادکردنی تەواوی بارمتەکان، کشانەوەی سوپای ئیسرائیل و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان.

دووشەممە، 29ی نیسان شاندێکی حەماس بە سەرۆکایەتی خەلیل حەییە سەرکردە لە حەماس دەچنە میسر و وەڵامی پێشنیازە نوێکە دەدەنەوە.

لەبەرامبەریشدا، بەرپرسانی ئیسرائیل سەبارەت بە پێشنیازەکە دەڵێن، ئەگەر حەماس پێشنیازەکە رەتبکاتەوە و بارمتەکان ئازاد نەکات، ئۆپەراسیۆنی زەمینی بۆ سەر رەفەح ئەنجام دەدەن.

له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ بیزالیل سمۆتریچ وه‌زیری دارایی ئیسرائیل، پێشنیازه‌كه‌ی میسر به مه‌ترسیدار و‌ خۆ به‌ده‌سته‌وه‌دانی ئیسرائیل وه‌سف ده‌كات.

ڕۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران و سەدانی دیکەش بریندار بوون، هاوکات  240 هاووڵاتیی ئیسرائیل وەکو بارمتە لەلایەن حەماسەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كران.