فه‌یسه‌ڵ یوسف: ئەوانەی دژی ئەنەکەسەن نایانەوێت یەکهەڵوێستی کورد لە رۆژئاوای کوردستان هەبێت

فه‌یسه‌ڵ یوسف، گوته‌بێژی ئه‌نجوومه‌نی نشتیمانی كورد له‌ سووریا (ئەنەکەسە)
فه‌یسه‌ڵ یوسف، گوته‌بێژی ئه‌نجوومه‌نی نشتیمانی كورد له‌ سووریا (ئەنەکەسە)

K24 – هەولێر:

گوته‌بێژی ئه‌نجوومه‌نی نشتیمانی كورد له‌ سووریا (ئەنەکەسە) ئاماژە بەوە دەکات، سەرەڕای ئاستەنگەکان ئەنەکەسە لە هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت، هەروەها سووتاندنی نووسنیگەکەیان لە رۆژئاوا شەرمەزار دەکەن.

فه‌یسه‌ڵ یوسف، گوته‌بێژی ئه‌نجوومه‌نی نشتیمانی كورد له‌ سووریا (ئەنەکەسە)، بە کوردستان24ـی راگەیاند، سووتاندنی نووسینگەی ئەنەکەسە لە سووریا شەرمەزار دەکەین، ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد هەمیشە دەنگ و خواستەکانی گەلی کورد لە رۆژئاوادا بووە، هەروەها بە خواستی گەلی کورد لە رۆژئاوا دامەزراوە.

گوته‌بێژی ئه‌نجوومه‌نی نشتیمانی كورد له‌ سووریا (ئەنەکەسە)، ئاماژەی بەوەدا، ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا هەر ئاستەنگییەک بێتە پێشی لە کارەکانی ناوەستێت و سەرکوت ناکرێت، بەڵکو بە گڕوتینی زیاتر لە جاران بەردەوام دەبێت.

هاوکات دەڵێت: ئەوانەی دژی ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردن لە رۆژئاوا، نایانەوێت یەکهەڵوێستی لەناو کوردا هەبێت، بەڵام ئەنجوومەنەکە بەردەوام دەبێت لە بەدیهێنانی مافە رەواکانی گەلی کورد لە رۆژئاوا.

فه‌یسه‌ڵ یوسف، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، ئەمە جاری یەکەم نییە بارەگای ئەنەکەسە لە رۆژئاوا دەکرێتە ئامانج، هەروەها ئامانجی ئێمە کۆکردنەوەی هەموو هێز و لایەنە کوردییەکانە رۆژئاوایە.

سەرنجی خستە سەر ئەوەش، ئێستا رۆژئاوای کوردستان لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە یەکڕیزی کورد هەیە، هەروەها تەنیا بە یەک دەنگی دەتوانین دەنگی کورد لە رۆژئاوا بگەینینە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

ناوبراو گوتیشی: ئامانجی چەکدارانی پەیەدە ئەوەیە دەیانەوێت خۆیان دەسەڵاتداری ناوچەکە بن.

ڕۆژی (24ـی نیسانی 2024) ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی لە سووریا (ئەنەکەسە) لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد: "چەکدارانی سەر بە پەیەدە" هێرشیان کردووەتە سەر هەردوو بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستان - سووریا (پەدەکەسە) و یەکێتیی دیموکراتی کوردستان – سووریا لە شاری قامیشلۆ و هەموو کەلوپەلەکانی نێو هەردوو بارەگاکەیان سووتاندوە.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، چەکدارانی پەیەدە لە هەمان کاتدا هەوڵیان داوە نووسینگەی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی لە سووریا (ئەنەکەسە) لە شاری ترپەسپی لە ڕۆژئاوای کوردستان بسووتێنن. هاوکات، ئەنەکەسە هێرشەکەی بە "تیرۆریستی" ناوبردووە و جەختی کردووەتەوە کە پێشتر پلانی بۆ داڕێژراوە.

پێشتریش لە (1ـی ئاداری 2024) هێرش کرایە سەر نووسینگەی پارتی دیموکراتی کوردستان - سووریا (پەدەکەسە) لە شاری کۆبانێی ڕۆژئاوای کوردستان کە بڕیار بوو چالاکییەکی ئەنەکەسەی تێدا بەڕێوە بچێت.