ئینتیفاز قەنبەر: هێرشكردنه سه‌ر كۆرمۆر هێرشه بۆسه‌ر سه‌ربه‌خۆیی سامانی سرووشتی
K24 – هەولێر:
تایبه‌ت به هێرشه درۆنییه‌كه‌ی سه‌ر كێڵگه‌ی غازی كۆرمۆر، سه‌رۆكی لیژنه‌ی پاراستنی كورد – واشنتن ده‌ڵێت، ئه‌مه هێرشە بۆ سه‌ر سه‌ربه‌خۆیی سامانی سرووشتی عێراق، بۆ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام پشت به ئێران ببه‌ستێت.
ئینتیفاز قەنبەر سەرۆكی لیژنەی پاراستنی كورد – واشنتن به كوردستان24ـی ڕاگه‌یاند، پێم سه‌یره نه سه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان یاخوود سه‌رۆكی جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ تاكو ئێستا ئیدانه‌ی ئه‌و هێرشه‌یان نه‌كردووه. گوتیشی: حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌لماندوویه‌تی كه حكوومه‌تی ته‌واوی گه‌لی كورده و سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی به ڕاشكاوی ئیدانه‌ی هێرشه‌كه‌ی سه‌ر كێڵگه‌ی غازی كۆرمۆری كرد.
ئه‌وه‌شی خسته ڕوو، پێشتر ئیداره‌ی تره‌مپ زۆر نیگه‌رانی ئه‌وه بوو، كه عێراق كاره‌با له ئێران ده‌كڕێت، كاتێك واشنتن پێی وابوو پاره به تیرۆریزم ده‌ده‌ن، بۆیه ئه‌وكات هه‌وڵدرا عێراق له‌م ڕووه‌وه پشت به خۆی ببه‌ستێت، یان جێگرەوە بدۆزێته‌وه.
باسی له‌وه‌ش كرد، ساڵێك پێش ئێستا سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی باسی له‌وه كرد، پێویسته غاز بچێته ئه‌وروپا، ئه‌مه ئێران و میلیشیاكانی نیگه‌ران كرد، ده‌ستیان كرد به‌و هێرشانه و تاكو ئێستاش به‌رده‌وامه.
ڕۆژی هەینی (26ـی نیسانی 2024) بە درۆن هێرش کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر کە بووە هۆی کوژرانی چوار کارمەندی یەمەنی و برینداربوونی دووانی دیکەش، بەهۆی هێرشەکەوە ناردنی غاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی کارەبا وەستاو نزیکەی 2500 مێگاوات کارەبا کەم بووە.
غازی کۆرمۆر، لەرێگەی بۆرییەوە رەوانەی وێستگەکانی کارەبای چەمچەماڵ و هەولێر دەکرێت، بەمەش لە 67%ـی کارەبای هەرێمی کوردستان دابیندەکات.
کێڵگەی غازیی کۆرمۆر، کە لە ساڵی 2007ـەوە دامەزراوە، دەکەوێتە سنووری ناحیەی قادر کەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵە لە پارێزگای سلێمانی، کۆمپانیای دانەغاز وەبەرهێنانی تێدا دەکات.