سویسڕا... شاندێکى دەزگاى مینی ههرێمی كوردستان بەشداری له کۆبوونەوەی نێودەوڵەتیی کاروباری مین دهكات
K24 - هەولێر:
شاندێکى باڵاى دەزگاى گشتیی کاروبارى مینی ههرێمی كوردستان، بەشداری لە بیست و حەوتەمین کۆبوونەوەی نێودەوڵەتیی کاروباری مین دهكات.
دەزگاى گشتیی کاروبارى مینی ههرێمی كوردستان رایگهیاندووه، له جنێڤی پایتهختی سویسڕا، شاندێکى باڵاى دەزگاكه، لەسەر بانگهێشتی فەرمانگەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری مین (UNMAS) و سەنتەری نێودەوڵەتی جنێڤ بۆ مینلابردنی مرۆیی (GICHD)، بەشداریان لە بیست و حەوتەمین کۆبوونەوەی نێودەوڵەتیی کاروباری مین بۆ بەڕێوەبەرە نیشتمانییەکان و راوێژکارانی نەتەوە یەکگرتووەکانNDM 27 کرد، کە بە شێوەی ساڵانە بەڕێوەدەچێت، ئەمساڵیش لە ژێر ناوی (پاراستنی ژیان، بنیاتنانی ئاشتی) کۆنفرانسەکە دەستی بەکارەکانی کرد.
لەمبارەیەوە عهلی عهبدولڕهحمان بەڕێوەبەری گشتی کاروباری مین ئاماژەی بەگرنگی کۆبوونەوەکەدا، کە گەورەترین کۆبوونەوەى ساڵانەى نێودەوڵەتییە و تێیدا بەڕێوەبەرانى نیشتمانى و ڕاوێژکارانى نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروبارى مین، تێیدا بەشدارى دەکەن بۆ ئاڵوگۆڕکردنى بیروڕاو شارەزاییەکان و ئاگاداربوون لە شێوازە نوێیەکانى پرۆسەى پاکسازى مین و هۆشیارکردنەوە لە مەترسى مین و تەقەمەنى.
هەروەها ئەم کۆبوونەوەیە دەرفەتێکە بۆ کۆکردنەوەى کۆمەڵگەی مەدەنی و وڵاتان و کۆمەڵگەی فراوانی نەتەوە یەکگرتووەکان، پێکەوە بۆ گفتوگۆکردنى پرسە هەنوکەییەکانى تایبەت بە کاروبارى مین.
بڕیارە شاندى دەزگا کۆمەڵێک کۆبوونەوە لەگەڵ نوێنەرى وڵاتانى کۆمەکبەخش و رێکخراوەکانى بوارى کاروبارى مین ئەنجامبدات، بەمەبەستى دابینکردنى پاڵپشتى بۆ دەزگاى گشتى کاروبارى مین لە هەرێمی کوردستان.
سهرچاوه: دهزگای مین