بەهۆی تەعریبەوە؛ دانیشتووانی کوردی کەرکووک ترسیان لە سەرژمێری هەیە

کەرکووک
کەرکووک

K24 - هەولێر

بڕیارە لە مانگی 11ـی ئەمساڵ پرۆسەی سەرژمێریی گشتی لە سەرتاسەری عێراق بکرێت و بەهۆی گۆڕینی دیمۆگرافیای شاری کەرکووک، کورد ترسی لەم سەرژمێرییە هەیە، چونکە بەشێکی زۆری ئەو ئاوارە عەرەبانەی لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە هاتوونەتە شارەکە فۆرمی خۆراک و کارتی نیشتەجێبوونیان گواستووەتەوە ئەم شارە.

ئەبو عەبدوڵڵا یەکێکە لەو هەزاران هاووڵاتییە عەرەبەی دوای ئازادکردنی ناوچەکانیشیان لە دەستی داعش نەگەڕاونەتەوە شوێنەکانی خۆیان. بە هاوکاریی ئیدارەی سەپێندراوی کەرکووک، بەشێکی زۆری ئەو ئاوارە عەرەبانەی هاتوونەتە شارەکە فۆرمی خۆراک و کارتی نیشتەجێبونیان گواستووەتەوە کەرکووک.

لە گەڕەکی واستیە لە کەرکووك، زۆرترین ئاوارەی تکریت و سەلاحەدین و دیالە لێی نیشتەجێن، خزمەتگوزاری ڕێگاوبان، کارەبا، ئاو، قوتابخانە و بنکەی تەندروستییان بۆ دابین کراوە و دەڵێن هیچ نیازێکیان نییە بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان.

محەممەد ڕەبیع، هاووڵاتییەکی دانیشتووی گەڕەکی واستیەی کەرکووكە و دەڵێت، "ئەم گەڕەکەی ئێمە خەڵکی ئاوارەی تێدایە لە ناوچەکانی دیالە و سڵاحەدینەوە هاتوون بۆ نموونە بەشێکیان لە سلێمان بەگەوە هاتوون کە سەر بە پارێزگای سڵاحەدینە یان لە دیالە و قەرەتەپەوە هاتوون".

هاووڵاتیی خەمیس نایفیش باس لەوە دەکات، "من لە تکریتەوە هاتووم و چەندین ساڵە لێرە نیشتەجێین، ئیدارەی کەرکووک خزمەتگوزاری زۆر باشی پێشکەش کردووین، کەس وەکو ئەم ئیدارەیە خزمەتی نەکردوین".

بەهۆی گۆڕینی دیمۆگرافیای کەرکووک، کورد ترسی لەو سەرژمێرییە هەیە کە بڕیارە کۆتایی ئەمساڵ لە عێراق ئەنجام بدرێت. سەرجەمیان هاوڕان لەوەی ئێستا هیچ جۆرە سەرژمێرییەک لە بەرژەوەندی کوردا نییە.

بڕیارە لە 20ی 11ـی ئەمساڵ، لە دوای 27 ساڵ پرۆسەی سەرژمێری بە شێوەی ئەلیکترۆنی لە سەرتاسەری عێراق ئەنجام بدرێت، زیاتر لە 120 هەزار مامۆستا و کادری پەروەردەیی پرۆسەکە ئەنجام دەدەن و بڕیارە مانگی داهاتووش بەشێوەی ئەزموونی پرۆسەکە لە عێراق بەڕێوەبچێت و بۆ ئەمەش وەزارەتی پلاندانان سەرجەم ئامادەکارییەکانی تەواو کردووە.

عەبدولزەهرە هنداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕایگەیاند، "پڕۆسەی سەرژمێرەییەکە هەموو پارێزگاکانی عیراق دەگرێتەوە و لە پارێزگای کەرکووک و شارەکانی هەرێمی کوردستانیش ئەنجام دەدرێت، کە بڕیارە مانگی 11 بەڕێوەبچێت و  لە ناوەڕاستی مانگی داهاتووش سەرژمێری ئەزموونی دەکەین و دواتر راهێنان بە زیاتر 120 هەزار کەس دەکرێت".

بەگوێرەی راپۆرتی ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی لەدوای ساڵی 2014، زیاتر لە 92 هەزار و 640 هاووڵاتیی عەرەب لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە هاتوونەتە کەرکووک و بەشێکی زۆری ئەم ئاوارانەش لە دوای ئازادکردنی ناوچەکانیشیان نەگەڕاونەتەوە شوێنەکانی خۆیان.