ئەحمەد تورک: هیوادارم هەرێمی کوردستان ڕۆڵی لە دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا هەبێت

ئەحمەد تورک، سیاسەتمەدار و کەسایەتی دیاری تورکیا و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر
ئەحمەد تورک، سیاسەتمەدار و کەسایەتی دیاری تورکیا و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر

K24 – هەولێر:

ئەحمەد تورک، سیاسەتمەدار و کەسایەتی دیاری تورکیا لەمیانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ ئومێد خۆشناو، سڵاو و ڕێز و پێزانینی خۆی لە ڕێگەی پارێزگارەوە بە سەرۆك بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكوومەتى هەرێم گەیاند و هیوای خواست هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە ڕۆڵی سەرەكی هەبێت بۆ دەستپێكردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا.

ئەمڕۆ سێشەممە (30ـی نیسانی 2024) ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، لە چوارچێوەی سەردانەکەى بۆ شارى دیاربەكر و بەشدارى شاندى پارێزگاى هەولێر لە 15ـەمین پیشانگای میزۆپۆتامیا، لەگەڵ ئەحمەد تورک، سیاسەتمەدار و کەسایەتی دیاری تورکیا  كۆبووەوە.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی پارێزگای هەولێر، لە كۆبوونەوەکەدا، ئەحمەد تورك سڵاو و ڕێز و پێزانینی خۆی لە ڕێگەی پارێزگارەوە بە سەرۆك بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكوومەتى هەرێم گەیاند و هیوای خواست هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە رۆڵی سەرەكی هەبێت بۆ دەستپێكردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا بە تایبەتی دوای هەڵبژاردنی ئەم دواییەی شارەوانیەكان كە ویست و خواستی ڕاستەقینەی خەڵكی توركیاى نیشان دا.

ئەحمەد تورک دووپاتیشی كردەوە، كە پێویستە حكومەتی توركیا دەستپێشخەر بێت بۆ ئاشتەوایی بە ئازادكردنی بەندكراوانی سیاسی و دەستپێكردنەوەی بێ مەرجی گفتوگۆی ئاشتیانە.

لەلایەن خۆیەوە، پارێزگاری هەولێر، وێڕاى پیرۆزبایی لە بەڕێزیان و هاوسەرۆكانی دیكەی شارەوانی شارەكان، هیوای سەرکەوتنى لە ئەرك وكارەكانیان بۆ خواستن و دووپاتیشی كردەوە کە سەرۆك بارزانی هەمیشە جەخت لە سەر پرۆسەی ئاشتی و بەردەوامبوونی گفتوگۆکان دەکاتەوە و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش بەردەوام وەكو فاكتەرێكی سەقامگیری و بەشێك لە چارە هەر بەو جۆرەش ڕەفتاری كردووە.

ئومێد خۆشناو هەروەها ئاماژەی بەوەش دا چارەی ئاشتییانە داوایەكی ڕەوایە و پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەكان پاڵپشتی بكەن و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش بۆ هەر هەنگاوێكی لەم جۆرە ئامادەیە.