ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانیی کرێکارانە

ژمارەیەک کرێکار لە کاتی کارکردن
ژمارەیەک کرێکار لە کاتی کارکردن

K24 - هەولێر

کرێکاران پایەی سەرەکیی پێشکەوتن و بەرەوپێشەوەبردنی ئابووری هەر وڵاتێکن. 1ـی ئایاری هەموو ساڵێک وەک رۆژی کرێکاران دیاریکراوە. لەم رۆژەدا، بە هەزاران کرێکار لە سەرانسەری جیهان دەڕژێنە سەر شەقامەکان و یادی ئەو رۆژە دەکەنەوە.

مێژووی رۆژی کرێکاران دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی 1800ـەکان. ئەو کاتە کرێکارەکانی ئەمەریکا هەفتەی حەوت رۆژ و رۆژانە زیاتر لە 12 کاتژمێر لە دۆخێکی سەخت و بەبێ بوونی هیچ مەرجێکی سەلامەتی کاریان دەکرد.

دواتر لە سەرەتای 1800ـەکان یەکێتییەکانی کرێکاران لە ئەمەریکا دەستیان کرد بە رێپێوان و داوای کەمکردنەوەی کاتەکانی کاردنیان بۆ 8 کاتژمێر کرد.

بۆ یەکەم جار لە 5ی سێپتێمبەری 1882 کرێکاران لە ئەمەریکا کۆبوونەوە بە ڕێپێوان داوای مافەکانیان کرد.

دواتر لە ساڵی 1886 یەکێتییەکانی کرێکاران رۆژەکەیان بۆ 1ی ئایار گۆڕی. سەدان هەزار کرێکار لە سەرانسەری ئەمەریکا رژانە سەر شەقامەکانی ئەمەریکا. لە رووداوێکدا لە شیکاگۆ، کە بە رووداوی هەیمارکێت ناسراوە گرژی لە نێوان پۆلیس و کرێکارەکان درووستبوو، دواتر بۆمبێک تەقییەوە و بەهۆیەوە چەندین کەس گیانیان لەدەستدا. ئەمەش وایکرد کرێکارەکان لەسەر داواکارییەکانیان رژدتربن.

فشاری کرێکاران وایکرد، لە ساڵی 1894 کلیڤلیند، سەرۆکی ئەوکاتی ئەمەریکا رۆژی کرێکارانی وەک پشووی فەرمی لە سەرانسەری وڵات راگەیاند.

ئێستا زیاتر لە 80 وڵات 1ی ئایار وەک رۆژی کرێکاران و پشووی فەرمی یادی دەکرێتەوە.

لەم رۆژەدا کرێکاران و یەکێتییەکانی کرێکاران لە رێگەی رێپێوان و فێستیڤاڵ و ئەنجامدانی چالاکی جیاواز داوای مافەکانیان دەکەن.