سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە وەزیری کارەبای حکوومەتی فیدراڵ کرد

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2-5-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە زیاد عەلی فازڵ، وەزیری کارەبای فیدراڵ کرد.

لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی کار و پرۆژە و چاکسازییەکانی کەرتی کارەبا و پێویستیی بەردەوامبوونی هاوئاهەنگیی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لە پێناو باشترکردنی دۆخی کارەبا کرا.

سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بە هێرشە تیرۆریستییەکەی چەند ڕۆژی ڕابردووی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر کرد و دووپاتی کردەوە کە هێرشکردنە سەر ژێرخانی ئابووریى هەرێمی کوردستان، زیانی بۆ هەموو هاووڵاتییانی عێراق هەیە و پێویستە کۆتایی بەو پەلامارانە بهێنرێت و ڕێگەی لێ بگیرێت.

سەرۆکی حکوومەت هەروەها ئامادەیی هەرێمی کوردستانی بۆ هەر هاریکاری و هاوئاهەنگییەکی پێویست لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ دەربڕی لە پێناو پەرەپێدانی ژێرخانی وزە، کە پێویستە ئەنجامدانی هەر کار و پرۆژەیەکیش تەنیا لە ڕێگەی دامەزراوە فەرمییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بێت.

وەزیری کارەبای عێراق، ستایشی هاوئاهەنگی و پەیوەنديی باشی نێوان هەردوو وەزارەتی فیدراڵ و هەرێمی کرد، بە ئاراستەی پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتییان کە ئامانجی هاوبەشی هەردوولایە.