سلێمانی.. تۆمەتبارێک بەتۆمەتی دزیکردن دەستگیرکرا

K24 - هەولێر

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، تۆمەتبارێکیان دەستگیرکرد کە بڕی یەک ملیۆن و 350 هەزار دینارو  بڕی 250 دۆلاری ئەمەریکی لەهاوڵاتییەک لەناو بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی سلێمانی دزیبوو.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 2ـی ئایاری 2024، لە ڕاگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، دوای ئەوەی هاووڵاتییەک سکاڵای تۆمار کرد کە بڕی یەک ملیۆن و 350 هەزار دینارو  250 دۆلاری ئەمەریکی لێدزراوە، دەستبەجێ هێزەکانی پۆلیس لێکۆڵینەوەکانیان دەستپێکردو پاش وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، توانرا لەماوەیەکی کەمدا تۆمەتبار بدۆزرێتەوەو لەلایەن مەفرەزەکانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی کوردساتەوە دەستگیربکرێت.

تۆمەتبار (أ، هـ، أ) لەدایکبووی 1972 کە پێشینەی تاوانی هەیە، دانی بەتاوانەکەیدا ناوەو لەئێستەدا بەبڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی 446 لەیاسای سزادان ڕاگیراوەو لێکۆڵینەوەکان بەردەوامە.

هاووڵاتییان و خانەنشینان و موچەخۆران دڵنیادەکەینەوە کە هێزەکانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لەکاتی دابەشکردنی مووچەدا لەسەرجەم بانکەکاندا ئامادەییان هەیە بەمەبەستی پاراستنی سەروماڵیان.