یەشار گولەر: ئەمەریکا گاڵتە بە عەقڵمان دەکات

یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی توركیا
یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی توركیا

K24 – هەولێر:

وەزیری بەرگریی توركیا ڕایگەیاند، دۆستەكانمان ڕاهێنان بە پەكەكە و یەپەگە دەکەن، لەو رێگەیەوە گاڵتە بە عەقڵمان دەکەن.

یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی توركیا لەبارەی هاوكارییەكانی ئەمەریكا بۆ یەپەگە و پەكەكە ڕەخنە لە واشنتن دەگرێت و دەڵێت: ئەمەریكا دۆست و هاوپەیمانی ئێمەیە بەڵام ڕاهێنان بە پەکەکە و یەپەگە دەکەن و هاوكارییان پێشکەش دەکەن.

وەزیری بەرگریی توركیا، دەڵیت: هاوكارییەكانی ئەمەریكا بۆ ئەو دوو هێزە توركیای نیگەران كردووە. هاوکات یەشار گولەر پێی وایە ئەمەریكا بە هاوكاریی و ڕاهێنانەكانی بە یەپەگە گاڵتە بە عەقڵیان دەكات.

ئەمە لەكاتێكدایە ئەمەریكا بەردەوامە لە هاوكارییەكانی بۆ یەپەگە، هەروەها لە چوارچێوەی شەڕی دژی داعش هاوكاری و هەماهەنگییان لەگەڵ یەپەگە هەیەو بەردەوامیشن.