عامر جابری: باران له هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت
K24 - هەولێر:
به‌ڕێوه‌به‌ری ڕاگه‌یاندنی كه‌شناسی عێراق ئاماژه به‌وه ده‌كات، ئه‌و شه‌پۆله بارانه‌ی هه‌رێمی كوردستان و عێراقی گرتووه‌ته‌وه، له ڕێگه‌ی فشاری كاریگه‌رییه‌كانی ده‌ریای سووره‌وه‌یه؛ ده‌شڵێت، له سبه‌ی شه‌ممه‌وه كه‌شوهه‌وا به‌ره‌و ئاساییبوونه‌وه ده‌چێت.
ئه‌مڕۆ (هه‌ینی 3ـی ئایاری 2024) عامر جابری، به‌ڕێوه‌به‌ری ڕاگه‌یاندنی كه‌شناسی عێراق تایبه‌ت به كوردستان24 ڕایگه‌یاند، ئه‌و شه‌پۆله بارانه‌ی هه‌رێمی كوردستان و عێراقی گرتووه‌ته‌وه، له ڕێگه‌ی فشاری كاریگه‌رییه‌كانی ده‌ریای سووره‌وه‌یه.
عامر جابری ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، كاریگه‌رییه‌كانی ئه‌م شه‌پۆله ئه‌مڕۆش له هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كانی ناوه‌ڕاستی عێراق به‌رده‌وام ده‌بێت.
به‌ڕێوه‌به‌ری ڕاگه‌یاندنی كه‌شناسی عێراق گوتیشی، پله‌كانی گه‌رما له زۆربه‌ی ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان 23 پله‌ی سه‌دی ده‌بێت و له ناوه‌ڕاستی عێراقیش له 32 پله‌وه ده‌ست پێ ده‌كات و له باشووریش 33 و 34 پله ده‌بێت.
ناوبراو باسی له‌وه‌ش كرد، له سبه‌ی شه‌ممه‌وه كه‌شوهه‌وا به‌ره‌و ئاساییبوونه‌وه ده‌چێت. گوتیشی، گه‌شبینییه‌كی باش هه‌یه كه وشكه‌ساڵی له عێراق نییه و بڕی پێویست باران باریوه.
ئه‌مڕۆ (هه‌ینی 3ـی ئایاری 2024) نه‌به‌ز عه‌بدولحه‌مید، قایمقامی ناوه‌ندیی هه‌ولێر تایبه‌ت به كوردستان24 ڕایگه‌یاند، ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێكه له‌ژێر ڕۆشنایی هۆشدارییه‌كانی كه‌شوهه‌وادا، ئاماده‌كاریی پێویستیان بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ر حاڵه‌تێكی نه‌خوازراو كردووه.
نه‌به‌ز عه‌بدولحه‌مید ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، كاریگه‌ری شه‌پۆلی باران له‌سه‌ر هه‌ولێر زۆر بوو به‌تایبه‌تی له ده‌وروبه‌ری قه‌ڵات، به‌ڵام تیمه‌كانیان ئاماده‌ییان هه‌بوو و فریای ئه‌و شوێنانه كه‌وتن كه كاریگه‌ری شه‌پۆله‌كه‌یان به‌سه‌ره‌وه بوو.
نه‌به‌ز عه‌بدولحه‌مید باسی له‌وه‌ش كرد، سه‌رجه‌م تیمه‌كانی پارێزگا و شاره‌وانی و ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی به‌هۆی ئاماده‌ییان توانیان ڕێڕه‌وی ئاو بكه‌نه‌وه و كاریگه‌رییه‌كانی شه‌پۆلی دووه‌می بارانه‌كه‌ی به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ كه‌م بكه‌نه‌وه.
قایمقامی ناوه‌ندیی هه‌ولێر ڕوونیشی كرده‌وه، ته‌نیا 50 ماڵ له هه‌موو هه‌ولێر كه‌وتوونه‌ته به‌ر كاریگه‌رییه‌كانی شه‌پۆله بارانه‌كه‌ی 24 كاتژمێری ڕابردوو.