چوونی یەکەم کاروانی حاجییانی عێراق بۆ سعوودیە ڕاگەیەندرا
K24 – هەولێر:
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ڕایگەیاند، ڕۆژی 18ـی ئەم مانگە، یەکەم کاروانی حاجییانی ئەمساڵ بەرەو وڵاتی سعوودیە گەشت دەکەن.
ڕۆژی هەینی (3ـی ئایاری 2024) لە ڕاگەیەندراوێکدا، وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ئاشکرای کرد، ڕۆژی 14ـی ئەم مانگە، شاندی تایبەتی دەستەی حەج و عومرەی عێراق بەرەو شاری مەدینە بەڕێدەکەون بۆ ئامادەکارییەکانی فەریزەی حەجی ئەمساڵ و دواتریش لە (18ـی ئایاری 2024) یەکەم کاروانی حاجییانی عێراق بەرەو فڕۆکەخانەی مەدینە گەشت دەکەن و لە (30ـی ئایاری 2024)ـیش گەشتی حاجییان بۆ فڕۆکەخانەی جەددە دەستپێدەکات.
هاوکات لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، ئێستا هەفتانە (6 بۆ 10) گەشتی ئاسمانی لە نێوان عێراق و سعوودیە هەیە و لە سەرەتای مانگی حوزەیرانیشەوە هەموو ڕۆژانی (شەممە، سێشەممە و پێنجشەممە) گەشتی ئاسمانی لە نێوان فڕۆکەخانەی نەجەف و دەمام دەستپێدەکات و لە بەرنامەشدایە، لە داهاتوودا گەشتی نێوان بەغدا و ڕیاز، دەستپێبکات.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی (1ـی ئایاری 2024) کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ڕۆژی سێشەممە (28ـی ئایاری 2024)، یەکەم کاروانی حاجییانی هەرێمی کوردستان کە ژمارەیان هەزار و 500 کەسە، لە ڕێگەی وشکانییەوە بەرەو وڵاتی سعوودییە بەڕێ دەکەوێت. ئاماژەی بەوەش کرد، ڕۆژی چوارشەممە (29ـی ئایاری 2024)، یەکەم کاروانی حاجییان کە ژمارەیان سێ هەزار و 185 کەسە لە ڕێگەی ئاسمانییەوە دەچێتە سعوودییە و، وابڕیارە تا (5ـی حوزەیرانی 2024)، سەرجەم حاجییانی هەرێمی کوردستان بگەنە ئەو وڵاتە.
ژمارەی حاجییانی ئەمساڵی هەرێمی کوردستان، بریتییە لە چوار هەزار و 685 کەس و بە گوێرەی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرەی هەرێـی کوردستان، تێچووی حەج بۆ ئەمساڵ بە فڕۆکە بریتییە لە شەش ملیۆن و 650 هەزار دینار، هەروەها تێچووی حەج لە ڕێگەی وشکانییەوە، بریتییە لە پێنج ملیۆن و 300 هەزار دینار.