چوار شاخەوان لە ناوچەی قەرەداغ بەهۆی لافاوەوە گیانیان لەدەستدا

رێڕەوی ئاسنی دەربەند مەسوران - وێنە: ئەرشیف
رێڕەوی ئاسنی دەربەند مەسوران - وێنە: ئەرشیف

K24 – سلێمانی:

ئەندامێکی گرووپی شاخەوانی سەگرمە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بەهۆی لافاوەوە چوار شاخەوانی ئەو گرووپە لە دەربەندی مەسورانی نزیک شاخی زەردە گیانیان لەدەستداوە.

ڕۆژی هەینی (3ـی ئایاری 2024) شێخ ئالان، یەکێک لە ئەندامانی گرووپی شاخەوانی سەگرمە لە ناوچەی قەرەداغ، لە ئەنجامی ئەو شەپۆلە بارانە بەخوڕەی ناوچەکەی گرتووەتەوە، ئاو بردوونی.

دوای ئەوەی تیمەکانی فریاگوزاری لە دیارنەمانی ئەو چوار شاخەوانە ئاگادار دەکرێنەوە، تەرمی هەر چوار شاخەوانەکە دەدۆزنەوە و ڕەوانەی پزیشکی دادی کراون.

لەلایەن خۆیەوە، ئارام عەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی ڕایگەیاند، لەلایەن تیمەکانیانەوە چوار تەرم لە ڕووداوەکەی قەرەداغ دۆزراونەتەوە کە سەرجەمیان ئەندامی گرووپێکی شاخەوانی بوون و لافاو بردوونی.

گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، کۆی گشتی ئەندامانی گرووپە شاخەوانییەکە 12 کەس بوون و چواریان خنکاون و تەرمەکانیان دۆزراونەتەوە و ئەوانی دیکە سەلامەتن.

هاوکات پێشتریش ڕەئووف کەمال، قایمقامی قەرەداغ ڕایگەیاندبوو، گرووپێکی شاخەوانی لە شاری سلێمانی هاتوون بۆ گوندی ئاوەسپی لە ناحیەی سێوسێنان و بەهۆیەوە ژمارەیەکیان لافاو بردوونی.

قایمقامی قەرەداغ ئاماژەی بەوەشکردووە: ئەو گرووپە کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی زریانی بەهێزی بارانەوە و بەبێ ئاگادارکردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان هاتوونەتە سنوورەکە.