عێراق بۆ بنیاتنانەوەی ژێرخانی کەرتەکانی خزمەتگوزاریی پێویستی بە قەرزێکی 100 ملیار دۆلارییە

بەغدا
بەغدا

K24- هەولێر

عێراق بۆ بنیاتنانەوەی ژێرخانی کەرتەکانی خزمەتگوزاریی، پێویستی بە قەرزکردنی 100 ملیار دۆلار هەیە، ئابووریناسێکیش دەڵێت: تاوەکو پێنج ساڵی دیکە بۆ بنیاتنانەوەی ژێرخانی کەرتەکانی خزمەتگوزاری پێویستی بە 200 ملیار دۆلار هەیە کە ئەستەمە بەهۆی پشکپشکێنەی سیاسی ئەم خواستە بەدی بێت.

بەدواداچوونەکان دەری دەخەن بەهۆی لاوازی توانای بودجەی گشتیی لە دابینکردنی خەرجییەکانی گشتیدا، عێراق بۆ بنیاتنانەوەی ژێرخانی ئابووری، پێویستی بە قەرزکردنی 100 ملیار دۆلار هەیە، بەگوێرەی بەدواداچوونی میدیای عەرەبی یەکێک لە هۆکانی لاوازیی بودجەی گشتی عێراق ئەوەیە بڕی زیاتر لە 53 ملیار دۆلار بۆ مووچەی فەرمانبەران خەرج دەکرێت.

هەروەها بانکی ناوەندی عێراق ڕایگەیاندووە، قەرزەکانی ناوخۆیی لەساڵی 2019ـەوە لە  38.3  ترلیۆن دینارەوە تاوەکو ئێستا گەیشتووەتە 73 ترلیۆن دینار، هاوکات قەرزی دەرەکی 60 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە کە 40 ملیار دۆلار قەرزی کەنداوە، مێژووەکەشی بۆ سەردەمی ڕژێمی لەناوچوو دەگەڕێتەوە.

بەمەبەستی پارەدارکردنی پڕۆژەکانی ژێررخانی کارەبا، نەوت، شارەوانی، کشتوکاڵ و کەرتەکانی دیکە، لە بودجەی ساڵانی 2023- 2025 رێگە بە حکوومەتی عێراق دراوە، بڕی 7.7 ملیار دۆلار لە بانکی نێودەوڵەتی و ئاژانسی هاریکاری نێودەوڵەتی ژاپۆن قەرز بکات.

مەزهەر محەممەد ڕاوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت: بڕی 17 ملیار دۆلار لە قەرزەکان بەمەبەستی گەشەپێدانی پڕۆژەکانە نەک بۆ بەکاربردن، ئاماژەی بەوەش کرد، رێژەی قەرزە دەرەکییەکان گەیشتووەتە 34%ـی  تێکڕای بەرهەمی گشتی ناوخۆیی، هۆشداریش دەدات ئەگەر قەرزی دەرەکی بگاتە رێژەی 60%ـی تێکڕای بەرهەمی گشتی ناوخۆیی، عێراق بەرەو قۆناغێکی مەترسیدار هەنگاو دەنێت.

راوێژکاری دارایی سوودانی ئاشکراشی کرد، بەمەبەستی  گەشەپێدانی پڕۆژەکانی ژێرخانی کەرتەکانی ئاو و وزە، عێراق داوای وەرگرتنی نۆ ملیار دۆلار قەرزی کردووە.

سەلام زێدان رۆژنامەنووسی ئابووری عێراقی رایدەگەیەنێت: لەدوای شەڕی رووسیا و ئۆکرانیا داهاتی عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، پێویستی بە قەرزی دەرەکی نییە بەڵکو پێویستی بە سیاسەتێکی دارایی دروست هەیە کە لە ڕێگەیەوە بتواندرێت خەرجکردنی هەڕەمەکی کۆنتڕۆڵ بکرێت.

گوتیشی: ژێرخانی کەرتەکانی پەروەردە، تەندروستی، گواستنەوە و وزە، زۆر لەدواوەی ستاندەردەکانی نێودەوڵەتین.

دووپاتیشی دەکاتەوە عێراق پێویستی بە زیاتر لە 200 ملیار دۆلار هەیە بۆ ئەوەی لە پێنج ساڵی داهاتوودا بیوانێت وەبەرهێنان لەژێرخانی کەرتەکاندا بکات، بەدووریشی دەزانێت ئەم خواستە بەدی بێت بەهۆی زیادبوونی خەرجییەکان لەپێنا و ڕازیکردنی لایەنە سیاسییەکان و کڕینی دەنگی دەنگدەران.

لەماوەی ڕابردوودا سندوقی دراوی نێودەوڵەتی داوای لە عێراق کردبوو کە داهاتەکانی نانەوتی زیاد بکات لە ڕێگەی چاکسازیکردن لە کەرتی کارەبا، چاکسازیی لە دامەزراوەکانی دیکەیدا بەتایبەت کۆکردنەوەی باج و ڕسومات.