شانۆگەری "چریکەی سەڵاح داوودە" نمایش دەکرێت

K24 – هەولێر

عەبدولستار عەزیز ڕایگەیاند، شانۆگەری "چریکەی سەڵاح داوودە" لەسەر گڵکۆی ئەو هونەرمەندە، لەشاری کەرکووک نمایش دەکرێت.

ئەمڕۆ شەممە، 4ـی ئایاری 2024، عەبدولستار عەزیز، نووسەر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، شانۆگەری "چریکەی سەڵاح داوودە" لە نواندنی حاجی کەریم و دانیال کەرکووکییە، ئەو شانۆگەرییە لەسەر گکڵکۆی سەڵاح داوودە نمایش دەکرێت.

ئەو نووسەرە گوتی: "شانۆگەری چریکە سەڵاح داوودە لە ڕۆژی یەکشەممە، 5ـی ئایاری 2024، کاتژمێر 5 ئێوارە نمایش دەکرێت".

عەبدولستار عەزیز گوتیشی: "شانۆگەرییەکە باس لە ژیان نامەی "سەڵاح داوودە" هەڵوێستە کوردانە و مەردانەکەی دەکات، لەگەڵ ئەوەی چەندان نەهامەتی و چەرمەسەری دیوە، هەرگیز نەکەتووەتە ژێر گوشاری ڕژێمی بەعسەوە، هەروەها بەشداری هیچ ئاهەنگێکی ئەو ڕژێمەی نەکردووە."

نووسەر دەشڵێت: "ڕژێمی بەعس توانی تەعریب و ئەشکەنجە وئازاردانی زۆر لەناو کەرکووک بەرامبەر بە هاووڵاتییانی کورد بکات، بەڵام ‌هەرگیز نەیتوانیوە دەهۆڵ و زوڕناکەی سەڵاح داوودە تەعریب بکات".

گوتیشی: "سەڵاح داوودە، یەکێکە لە سیمبولە دیارەکانی فەرهەنگیی شاری کەرکووک، چونکە ئەو فەرهەنگەی سەڵاح داوودە هەیبوو هیچ کەس نەیبوو، جگە لەوانەش لە بنەماڵەیەکی کوردە و شارەزایەکی باشی لە مەقامە کوردییەکان هەبووە".

ڕاشیگەیاند، "ئەم شانۆ گەرییە سێیەمین دەقە، وەکو زنجیرە دەستییان پێ کردووە، زنجیرە شانۆی یەکەم بە شێخ ڕەزای تاڵەبانی دەستییان پێ کردووە، زنجیرەی دووەم بۆ ئەسیری شاعیر لای پەیکەرەکەی نمایش کراوە، سێیەمیش چریکەی سەلاح داوودە لەلای گڵکۆکەی نمایش دەکرێت".