شارەزایەکی بواری ئابووری: زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان لە عێراق گەشە نییە، بەڵکو تەقینەوەیە

kurdistan24.net

K24 – هەولێر

دوڕەید عنزی، شاره‌زای بواری ئابووری لە بارەی زۆریی منداڵ خستنەوە و کۆچی گوندنشینان بۆ شارەکان و هاتنی دەستی کاری بیانی هۆشداری لە زیادبوونێکی نازانستیانەی گەشەی دانیشتوان دەدات و ڕایدەگەیەنێت، ئەوەی لە عێراق هەیە تەقینەوەی دانیشتوانە، نەک گەشە.

عنزی دەڵێ: کێشەی نیشتەجێ بوون کێشەیەکی ئاساییە و لە جیهاندا بە پرسێکی ئاسایی وەرگیراوە، چونکە پەیوەندیی بە گەشەی دانیشتوانەوە هەیە و هەر کاتێک ژمارەی دانیشتوانی زیاد بێت، بە دڵنیاییەوە گرفتی نیشتەجێ بوون دروست دەبێت و گرفتەکەش زیاتر لە سەنتەری شارەکان زەق دەبێتەوە، بەڵام ئەوەی لە عێراق هەیە جیاوازە لە تەواوی وڵاتانی دیکە، ئەویش کۆچی گوند نشینەکانی بۆ شارەکان بە ڕێژەی 70% بەهۆکاری وشکە ساڵی و فراوان بوونی بە بیابان بوونە، ئەمەس وای کردووە لە عێراق گەشەی دانیشتوانی نەبێت، بەڵکو تەقینەوەی دانیشتوان بێت.

هەروەها ئاماژەی دا، ساڵانە لە عێراق زیاتر لە ملیۆنێک منداڵ لە دایک دەبن و بەمەش قەبارەی دانیشتوانی شارەکان زیاد دەکات، ئەم ژمارە زیادبوونەش گەشەیەکی خێرا و خەیاڵییە، لەلایەکی دیکەشەوە هاتنی دەستی کاری بیانییە بۆ ناوخۆی عێراق قەیران و گرفتێکی دیکەیە و بووەتە هۆی زیادبوونی ژمارەی بێکاری، هەموو ئەوانە بوونەتە هۆیەک ژمارەی دانیشتوانی عێراق بە شێوەیەکی نا لۆجیک زیاد ببێت.

لە بارەی گەشەی دانیشتوان و کێشە ئابوورییەکان، ئەو پسپۆری ئابوورییە دەڵێت: پرسی زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان بووەتە گرفتێک لەبەردەم حکوومەت، هیچ کابینەیەکی حکوومەت ناتوانێت بەریان لێ بگرێت بە ڕادەیەک سنوودار و کۆنترۆڵی بکات، چونکە حکوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان نە پلانیان هەیە و نە دەتوانن دۆخەکە کۆنترۆڵ بکەن، ئەوەی دیارە بەلایانەوە گرنگ نییە و گوێشی پێ نادەن، چونکە بەگوێرەی پێشبینییەکان ژمارەی دانیشتوانی عێراق تاوەکوو 2030 بۆ 2035 ژمارەی دانیشتوانی عێراق دەکاتە سەرووی 50 ملیۆن کەس، بەڵام حکوومەت بێباکە لە ڕێکخستنەوە دەستی کار. هەروەها زۆر لاوازە پرسی گەشەی دانیشتوان بیری لەوە نەکردووەتەوە ئەو ژمارە زۆرەی منداڵ خستنەوە لە هەر ساڵێک، سادەترین گرفتی ڕووبەڕووی حکوومەت و خێزانەکان دەبێتەوە، قەیرانی شیری منداڵانە، بەڵام حکوومەت لە گوێی گادا خەوتووە و خۆی لە هیچ ناکات بە خاوەن.