خالید دەبوونی: سووننەکان لەسەر پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رێك ناكەون
K24 – هەولێر:
گوتەبێژی حزبی موتەحیدوون، ئاماژەی بەوەدا، لایەنە سوونەکان نایانەوێت پرسی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق یەکلاییببێتەوە.
خالید دەبوونی، گوتەبێژی حزبی موتەحیدوون بە کوردستان24ـی راگەیاند، سەرۆک بارزانی و سەرۆکوەزیرانی عێراق هەوڵیانداوە دیدگای لایەنە سووننەکان بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسی پۆستی سەرۆک پەرلەمان نزیکبکەنەوە.
گوتەبێژی حزبی موتەحیدوون، ئاماژەی بەوەدا، لایەنە سوونەکان نایانەوێت پرسی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان یەکلاییببێتەوە. ناوبراو گوتیشی: چیتر وڵاتانی ناوچەکە گرنگی بە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان نادەن و پێیانوایە ئەوە پرسێکی ناوخۆییە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی (29ـی نیسانی 2024) سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبوونەوە و بەگوێرەی زانیارییەکان لە کۆبوونەوەکەدا، چوارچێوەی هەماهەنگی بڕیاریداوە جارێکی دیکە دەرگای خۆکاندیدکردن نەکرێتەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ پەرلەمانی عێراق و تاوەکو کۆتاییهاتنی ئەم خولەی پەرلەمانیش، گەڕی دووەمی هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت.
ڕۆژی (13ـی ئاداری 2024) هەریەکە لە پەرلەمانتاران مەحموود مەشهەدانی، خالید عوبەیدی، تەڵاڵ زەوبەعی و محەممەد نوری عەبدرەبە و کەسایەتی سیاسیی شێخ فارس ئەلفارس پێکهێنانی کوتلەی "سەدارە"یان لە پەرلەمانی عێراق راگەیاند و پێکهێنانی کوتلەکەشیان بە پێویستی نیشتمانی قۆناغەکە وەسفکردووە. لە یەکەم کاردانەوەشدا، یەحیا محەممەدی، گوتەبێژی حزبی تەقەدووم لە راگەیەندراوێکدا پێشوازی لە پێکهێنانی کوتلەی سەدارە کرد و جەخت گرنگی کاری هاوبەش و هەماهەنگی نێوانیان کردەوە.
دوای ئەوە دادگای فیدراڵی لە ڕۆژی (14ـی تشرینی دووەمی 2023) بڕیاری کۆتاییهێنان بە ئەندامییەتی محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمانی عێراق دا، لەو ساتەوە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کە بەرکەوتەی هەڵبژاردنی پێکهاتەی سوننەکانە، لەلایەن جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانەوە کە شیعەیە، بەڕێوە دەبرێت.