ڕاییکردنی مامەڵەی شۆفێران لە به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی هاتوچۆی هه‌ولێر ڕاگیرا
K24 - هەولێر
بەهۆی لێدانی هەورەبرووسکە لە تاوەری هێڵی ئینتەرنێت، ڕاییکردنی مامەڵەی شۆفێران لە به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی هاتوچۆی هه‌ولێر بۆ ماوەیەکی کاتیی ڕاگیرا.
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی هاتوچۆی هه‌ولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، نزیکەی کاتژمێر 03:10ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، 06-05-2024، هه‌وره‌برووسکەیەکی بەهێز لە تاوەری هێڵی ئینتەرنێتی بەڕێوەبەرایەتییەکەی داوە، ئەوەش بووەتە هۆی ڕاگیرانی ڕاییکردنی مامەڵەی هاووڵاتییان.
بەڕێوەبەڕایەتیی هاتوچۆی هەولێری داوا لە شۆفێران دەکات، سەردانیان نەکەن "تا ئەوکاتەی سیستەم و هێلی ئەنتەرنێت دەکەوێتەوە کار".
بەڕێوەبەڕایەتیی هاتوچۆی هەولێری لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەیدا ڕەتی کردووەتەوە هەورەبرووسکە لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتییەکە لە هیچ هاووڵاتییەکی دابێت و گوتی، ئەوەی ڕوویداوە، تەنیا هاووڵاتییەک بووراوەتەوە، پاشان هاتووەتەوە هۆش خۆی.