وادەی دابەشکردنی مووچەی مانگی چواری لیواکانی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە ڕاگەیەندرا

لۆگۆی وەزارەتی پێشمەرگە
لۆگۆی وەزارەتی پێشمەرگە

K24 - هەولێر

ڕۆژی پێنجشەممە، 09-05-2024، مووچەی مانگی نیسان (چوار)ی لیواکانی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە دابەش دەکرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە، 06-05-2024، وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، دوایی ئەوەی هاوکاریی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە خراوەتە سەر هەژماری وەزارەتی پێشمەرگە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بوودجە و بەرنامەکان (ژمێریاریی سەربازی) ڕێکارە دارایی و ژمێریارییەکانی کردوون و بانکەکانی ئاگادار کردوونەتەوە، ڕۆژی پێنجشەممە، 09-05-2024، مووچەی مانگی نیسان (چوار)ی لیواکانی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە دابەش بکرێت.

لە کۆی زیاتر لە 180 هەزار پێشمەرگە کە سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەن؛ 44 هەزاریان لە چوارچێوەی 15 لیوای هاوبەش، لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە ڕێک خراونەتەوە. ئەمەریکا مانگانە نزیکەی 25 ملیۆن دۆلار (25 ملیار دینار) بۆ مووچەی ئەو 44 هەزار پێشمەرگەیە خەرج دەکات.