ئەردۆغان: لە هەولێر دانووستانی ئەرێنی و بەرهەمدار و دۆستانەمان کرد

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پێشوازی لە ئەردۆغان دەکات
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پێشوازی لە ئەردۆغان دەکات

K24- هەولێر

رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا بوونی پەکەکە لە عێراق و سووریا بە هەڕەشە بۆ سەر ئارامی و ئابووری دەزانێت.

ئەمڕۆ دووشەممە (6ی ئایاری 2024)، رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا دوای کۆبوونەوەی کابینەی حکوومەتەکەی لە ئەنقەرە، کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی رێکخست و بۆ رۆژنامەنووسان گوتی، لە هەولێر دانووستانی ئەرێنی و بەرهەمدار و دۆستانەمان کرد.

ئەردۆغان ئاشکرای کرد، عێراق پەکەکەی وەک رێکخراوێکی قەدەغەکراو ناساندووە و هەنگاوەکانی ئەو وڵاتەشی دژ بە پەکەکە بە گرنگ زانی.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان، رەجەب تەییب ئەردۆغان، بوونی پەکەکەی لە عێراق و سووریا بە هەڕەشە بۆ سەر ئارامی و ئابووری زانی، گوتیشی، بۆ نەهێشتنی تیرۆر هەموو دەرفەتێک بەکار دەهێنین.

رۆژی 22 ی نیسان، رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا بە سەردانێک گەیشتە بەغدا و لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراقی فیدراڵ کۆبوەوە، هەر ئەو ڕۆژە، سەرۆکی تورکیا گەیشتە هەولێر و لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لێکرا، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک بارزانی و بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان، میدیاکانی تورکیا بە گرنگییەوە باسیان لە سەردانەکەی رەجەب تەییب ئەردۆغان کرد، ئەمڕۆ سەرۆکی تورکیا ئەو سەردانەی بۆ هەولێر بە بەرهەمدار وەسف کرد.