ئاسایشی هەولێر فرۆشیارێکی هیندی ماددەی هۆشبەر دەستگیر دەکات
K24- هەولێر
دوای بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە ،بازرگانێکی بیانی ماددە هۆشبەرەکان کە خەڵکی وڵاتی هیندستانە، بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر دەستگیر کرا.
تۆمەتبار لە کاتی دەستگیرکردنیدا بڕێک ماددەی هۆشبەر لەجۆری کریستاڵ و کەلوپەلی پێوانەکردن و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەری لا بووە، تۆمەتبار کاری دابەش کردنی ماددەی هۆشبەر بووە بەسەر چەند هاووڵاتییەکی بیانیی کە بەمەبەستی کارکردن هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و لە شاری هەولێر نیشتەجێ بوون.
بەپێی زانیارییەکان، تۆمەتبار بە ماتۆرسکیلێک خۆی وا نیشانداوە کە کاری دلیڤەری دەکات، بەڵام دوای دەستگیرکردنی دەرکەوت کە بە ماتۆرسکیلەکەی ماددەی هۆشبەری دابەش کردووە، سەرباری ئەوەی خۆی بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەرە.
بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر رایدەگەیەنێت، هەر کەسێک نیازی بەکارهێنان و دابەشکردن و فرۆشتنی هەبێت، رووبەڕووی دەبنەوە و دەستگیری دەکەن، دەیدەنە دادگا.