69 خێزانی کەمپی هۆل لە دێرەزوور نیشتەجێ دەکرێن

کەمپی هۆل
کەمپی هۆل

K24 - هەولێر

سەرچاوەیەک لە ئیدارەی کەمپی هۆل سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا کە خێزانەکانی چەکدارانی داعش لە خۆدەگرێت ڕایدەگەیەنێت، ئامادەکاری دەکەن بۆ گەڕاندنەوەی 69 خێزانی دانیشتووی کەمپەکە کە 254 کەسی لەخۆ دەگرێت بە مەبەستی تێکەڵکردنەوەیان بە کۆمەڵگە لە ناوچەی دێرەزوور.

 بە گوێرەی زانیارییەکانی سەرچاوەکە، بڕیاری گەڕاندنەوەی ئەو خێزانانە دوای رێککەوتنێک دێت لە نێوان بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و خێڵەکانی ناوچەکانی دێرەزوور. هاوکات بە دەستەبەری سەرۆک خێڵەکان بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بڕیارەکە جێبەجێ دەکات.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، بڕیارە سبەی چوارشەممە، 08-05-2024، بڕیارەکە بخرێتە بواری جێبەکردن و دووپاتیشی کردەوە، بڕیارەکە تەنیا پەیوەست نابێت بە گەڕاندندەوەی ئەو خێزانانە بەڵکوو چاوەڕوان دەکرێت لە قۆناغەکانی داهاتووشدا ژمارەیەکی دیکە لە خێزانەکانی پاشماوەی چەکدارانی داعش لە کەمپەکە تێکەڵ بە کۆمەڵگە بکرێنەوە.

لەلایەکی دیکە سەرچاوەیەک لە کەمپی "ڕۆژ" لە ناوچەی دێرکی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئەوەی خستە ڕوو، دوای سەردانی شاندێکی حکوومەتی هۆڵەندا و کۆبوونەوەی لەگەڵ مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە قامشلۆ؛ بڕیار دراوە بە گەڕاندنەوەی دوو خێزانی پاشماوەی چەکدارانی داعش کە هەڵگری ناسنامەی هۆڵەندین بۆ وڵاتەکەیان. چاوەڕێ دەکرێت لە دوو ڕۆژی داهاتوودا بڕیارەکە جێبەجێ بکرێت.

لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردووەوە ئیدارەی کەمپی هۆل زیاتر لە 150 خێزانی نیشتەجێکراوی کەمپەکەی  کە 557 کەسی لەخۆ گرتبوو، گەڕاندووەتەوە ناوچەکانی دێرەزوور و تێکەڵ بەژیانی ئاسایی کردوونەتەوە. ئیدارەی هەردوو کەمپ جەخت لەوە دەکەنەوە بە هاوکاریی ئەنجوومەنەکانی مەدەنی ناوخۆیی و رێکخراوەکانی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی هەروەها بە پشتیوانیکردنی بەرنامەی چاکسازی دەروونی و ئاسانکاریکردن بۆ دەستگەیشتنیان بە پێداویستییەکانی ژیانکردن، ئامادەکاری دەکەن بۆ گەڕاندنەوەی سەرجەم خێزانەکانی بەرەچەڵەک سووری بۆ ناوچەکانیان و تیكەڵکردنەوەیان بەژیانی ئاسایی کۆمەڵگە.

هەر لەدرێژەی پلانی داخستنی ئەو کەمپانەدا و بە هاوکاریی ڕێکخراوەکانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، ڕۆژی 28ـی نیسانی ئەمساڵ حکوومەتی عێراق 191 خێزان کە 714 کەسی لەخۆگرتبوو لە کەمپی هۆل گواستەوە بۆ کەمپی جەدعە لە باشووری شاری مووسڵ.

کەمپی هۆل و کەمپی رۆژ دوو لەو کەمپانەن کە خێزانەکانی پاشماوەی چەکدارانی داعشی تێدا نیشتەجێکراون، ژمارەی نیشتەجێکراوان لە کەمپی هۆل زیاترە و دەیان هەزار کەسی لەخۆگرتووە. دانوستانەکان لەسەر ئاستی هەرێمیی و نێودەوڵەتی بەردەوامن و بەدواداچوون دەکرێت بۆ دانانی پلانێکی گشتگیر بە پشتیوانیکردنی رێکخراوەکانی پەیوەست بە پشتیوانی دەروونی چاکسازیی کۆمەڵایەتی بۆ گەڕاندنەوەی خێزانەکان بۆ وڵاتەکانیان و تێکەڵکردنەوەیان بە کۆمەڵگەکان و ئاساییکردنەوەی دۆخی ژیانیان.